گەشتوگوزاری سۆران: نزیکەی 25 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران بۆ رووداو، لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ 20 بۆ 25 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-06-2024 فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی تۆماری بەردەستیان، لە دوو رۆژی جەژنی قورباندا 20 بۆ 25 هەزار گەشتیار و سەردانیکار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو ژمارەیە 5000 گەشتیار بە شەو لە بنکە گەشتیارییەکان ماونەتەوە و پێشبینیش دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا رێژەی هاتنی گەشتیاران زیاتر ببێت."
 
75 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیان کردووە
 
هەر ئەمڕۆ ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا دوێنێ 75 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگای سلێمانی و لەوێوە بەشێکیان چوونەتە پارێزگای هەڵەبجە.
 
هەروەها هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ 15 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنوورەکەمان."
 
هاوکات رێژین رەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووكان بە رووداوی گوت، "لە چوار رۆژی رابردوودا تاوەکو ئێوارەی دوێنێ لەنێوان 25 بۆ 30 هەزار گەشتیار سەردانی هاوینەهەوارەکانی ئەم سنوورەیان کردووە."
 
بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، دەستەی گەشتوگوزار لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە چەند لیژنەیەکی پێکهێناوە. بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکە بۆ رووداو، پێشبینی دەکرێت ئەم جەژنە 300 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، جەژنی رەمەزان زیاتر لە 203 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2022شدا شەش ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس؛ ساڵی 2021یش چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون:
 
- 468 هوتێل
- 267 موتێل
- 33 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 20 گوندی گەشتیاری
- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
- 524 چێشتخانە - رێستۆرانت
- 657 کافتریا
- 518 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری