سبەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای راگیرانی بۆ ماوەی دوو رۆژ، بڕیارە سبەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستپێبکاتەوە.
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، 17-06-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە لە سبەیەوە لە سایلۆکانەوە دەستبکەینەوە بە وەرگرتنی گەنم".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی لە تەواوی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکاتەوە.
نەسرین ئەحمەد دەڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 44 هەزار و 375 تۆن و 540 کیلۆ گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووەتەوە.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە لە دوێنێوە سایلۆکان گەنمیان وەرنەگرتووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران.
بەگوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.