بەختیار قادر و هێمن بابان رەحیم
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر رەتیکردەوە ئەمڕۆ هیچ هێرشێک لەڕێگەی درۆنەوە کرابێتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و دەڵێت: "هیچ هێرشێک بە هیچ شتێک نەکراوەتە سەر بنکەی هەریر و دۆخەکە ئاساییە." بەڕێوەبەری شارۆچەکەی هەریریش دەڵێت: "هەندێک دەنگ بیستراون، هێزەکانی هاوپەیمانان ماوەیەکە راهێنان دەکەن و خۆیان درۆنی خۆیان دەکەنە ئامانج."
رۆژی هەینی، 17-6-2022، ئیبراهیم شێخەڵڵا، قایمقامی قەزای شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر رووینەداوە و ئەو هەواڵانە راست نین گوایە هێرشکرابێتە سەر بنکەکە."
روونکردنەوەکەی قایمقامی قەزای شەقڵاوە دوای ئەوە دێت لە هەندێک لە میدیاکانی عێراق هەواڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی سەربازیی هەریر بڵاوکرایەوە.
کاروان کاکەخان، بەڕێوەبەری شارۆچەکەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە، رۆژی هەینی، 17-6-2022، لەباری دەنگۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی سەربازیی هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەیەکە هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەریر مەشق و راهێنان دەکەن و خۆیان درۆن بەرزدەکەنەوە و دواتر دەیکەنە ئامانج، ئەو درۆنەی ئەمڕۆش کە کاژێر سێ خرایە خوارەوە، درۆنی هاوپەیمانان خۆیان بووە و کردوویانەتە ئامانج لە چوارچێوەی ئەو مەشق و راهێنانەیان."
بنکەی سەربازیی هەریر یەکێکە لەو بنکانەی هێزەکانی هاوپەیمانیی شەڕی دژ بە داعش بەکاریدەهێنن و دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر.
فڕۆکەخانەی هەریر لەنێوان ساڵانی 1982 بۆ 1988لە لایەن حکومەتی بەعس، بە مەبەستی سەربازی دروستکراوە، نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئێران دوورە و نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل لە سنووری تورکیاوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ