لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان خۆپیشاندان قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان بۆ چوار رۆژ هەموو گردبوونەوە و چالاکییەک قەدەخە کرا، هەروەها چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە پارێزگاکان بە مۆڵەت دەبێت.
قایمقامیەتەکانی پارێزگاکانی ئامەد، مێردین، وان، بەدلیس، موش، ئاگری، چەولیگ و ئێلیهـ ئیوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایار رایانگەیاند، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانان بۆ چوار رۆژ قەدەخەیە.
بڕیارەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایار دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 00:00ـی رۆژی دووشەممە 20ـی ئایار بەردەوام دەبێت. سەرجەم دەروازەکانی ئەو پارێزگایانە لەو چوار رۆژەدا دادەخرێن و چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە شارەکە بە مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت.
هۆکاری ئەو قەدەخەکردنانە بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریی لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕێندراوەتەوە.
ئەم بڕیاری قەدەخەیە دوای ئەوەهات رۆژی پێنجشەممە لە 83یەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانی، هەریەک لە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، ئەحمەد تورک و بەشێکی زۆر لە هاوڕێکانیان بە چەندین ساڵ زیندانی سزادران.