دەستەی وەبەرهێنان: ئەمساڵ بە بەهای نزیکەی 578 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی نزیکەی 578 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە؛ زۆرترین پڕۆژە لە هەولێر مۆڵەتی پێدراوە و لە هەڵەبجەش مۆڵەت بۆ هیچ پڕۆژەیەک وەرنەگیراوە.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە رۆژی چوارشەممە 17ی ئایاری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 15ی ئەم مانگە 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە؛ 11 پڕۆژە لە هەولێر؛ 7 لە دهۆک؛ 4 لە سلێمانی و یەکێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ لە هەڵەبجە هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان مۆڵەتی وەرنەگرتووە.
پڕۆژەکان لە سێکتەرە جیاوازەکانن، لەنێویاندا زۆرترینیان بۆ پڕۆژەی پیشەسازی بووە کە 7 پڕۆژەن؛ بازرگانی 6 پڕۆژە و نیشتەجێبوونیش 5 پڕۆژە بوون.
سەرمایەی پڕۆژەکان زۆرترینیان بۆ نیشتەجێبوونە، کە پێنج پڕۆژەکە بە سەرمایەی نزیکەی 473 ملیۆن دۆلارە؛ پڕۆژەی پیشەسازی بە سەرمایەی نزیکەی 57 ملیۆن دۆلار و پڕۆژەی بازرگانیش بە سەرمایەی نزیکەی 26 ملیۆن دۆلار.
بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆی سەرمایەی پڕۆژەی مۆڵەتپێدراوی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 577 ملیۆن و 862 هەزار و 173 دۆلار بووە.
بەگوێرەی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، سەرەتای ساڵی رابردوو تاوەکو 07-07-2022 مۆڵەت بە 44 پڕۆژە بە سەرمایەی 648 ملیۆن و 980 هەزار و 424 دۆلار لە هەرێمی کوردستان دراوە.