وردەکاریی رووداوی کوژرانی چوار کەس لە کۆیە؛ چوار کوڕەکەی بکوژ لە ناشتنی دایک و دوو خوشکەکەیان ئامادەنەبوون

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆیە ئەمڕۆ سێ ئەندامی خێزانێک کە دایکێک و دوو کچی بوون، لەلایەن باوکیانەوە کوژران. بکوژەکە جگە لەوان دراوسێیەکیشی کوشت، کە دەیویست ناوبژیوانییان بکات. هەرچوار تەرم لە کۆیە بەخاک سپێردران بەبێ ئامادەبوونی کوڕەکانی بکوژەکە.
 
هێزێکی تایبەت بکوژەکەیان دەستگیرکرد. چوار کوڕی ئەو بکوژە سەلامەتن بەڵام لەگەڵ تەرمی دایک و خوشکەکانیان نەچوونە گۆڕستان و لە کۆیە هەڵاتوون، خەمیانە خزمانی ماڵە دراوسێکەیان تۆڵە بکەنەوە.
 
بکوژەکە ناوی رزگار قادرە و پێشمەرگەی خانەنشینە، باوکی پێنج کوڕ و دوو کچە، کاژێر 10:30ـی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17-5-2023) لەگەڵ کوڕێکی تەمەن 15 ساڵیی بووەتە مشتومڕی، تفەنگی هێناوە و دوو کچەکەی و ئەو کوڕەی لە ماڵەوە بوون، تەقەی لە هەموویان کردووە و هەر لە حەوشەکە ژنەکەی و دوو کچی گیانیان لەدەستداوە، کوڕەکەشی بریندارە.
 
رزگار قادر جگە لە ئەندامانی خێزانەکەی، تەقەی لە پیاوێکی دراوسێیان کرد کە دوکاندارە و چووبوو بۆ ناوبژیوانی، ئەویشی کوشت. هێزێکی تایبەت لە کۆیە چوونە سەر ماڵەکە و بکوژەکە خۆی بە دەستەوە نەدەدا، تاوەکو دواجار گرتیان.
 
ساتی رووبەڕووبوونەوەی تەقەکەرەکە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە کۆیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە تۆمارکراوە. زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پشتڕاستی دەکەنەوە، تەقەکەرەکە ناوی رزگار قادرە، تەمەنی 55 ساڵە و پێشمەرگەی خانەنشینە.
 
سەبیحە مستەفا، ئامۆزای دوکاندارە کوژراوەکەیە و لە هەمان گەڕەک دەژی، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە باسی کارەساتەکە دەکات و دەڵێ "کاتێک بووە تەقە، یەک نەبوو، دوو نەبوو، سێ نەبوو بۆیە نەهاتمە دەرەوە، گوتم با قیژەیەک بێت، ئینجا دەچم، کاتێک گوێم لە دەنگی زیڕەکە بوو، کە گەیشتم هەرابوو، خوشکەزایەکم گوتی سیامەندیان کوشت، کە چوومە سەری، سیامەند نەمابوو".
 
شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی کۆیە لەبارەی رووداوەکە دەڵێ "چوار کەسیان شەهید بوون، یەکێک لە کوڕەکانی کە بریندارە لەلای ئێمە چارەسەری بۆ دەکرێت".
 
رزگار قادر، بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی، دەستگیرکراوە.
 
لە رووداوەکەدا رزگار، فاتیمە عەبدوڵڵای هاوژینی کە تەمەنی 63 ساڵە دەکوژێت، هەروەها دوو کچی بەناوەکانی چرا، تەمەن 31 ساڵ و چرۆ تەمەن 18 ساڵ دەکوژێت، ئەوانە جگە لە سیامەند عەباسی تەمەن 55 ساڵی دراوسێی، کە لەکاتی بەهاناوەچوونی رووداوەکە، ئەویشی کوشت.
 
عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە دەڵێ "ئەم هاووڵاتییە لە ماڵی خۆی بووە، تەقەی لە هاوسەر و کچ و کوڕی خۆی کردووە، ئێستا دەستگیرکراوە و دواتر بڕیار دەدرێت لەوەی لەڕووی دەروونییەوە" چۆن بووە.
 
ئەمە دووەم رووداوی تەقەکردن و کوشتنە لە قەزای کۆیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا. تەنیا ئەم هەفتەیە شەش کەس لە شارەکە بە رووداوی تەقەکردن کوژراون.