وەزارەتی کشتوکاڵ: تراکتۆر بە قەرزی درێژخایەن دەدرێتە جووتیاران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تراکتۆر بە تایبەتمەندیی ئیتاڵی و بە قەرزی درێژخایەن دەدەنە جووتیارانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، جووتیاران سەرەتا 20%ی پارەی تراکتۆرەکە دەدەن.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "هەنگاوەکانی دابینکردنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان بە قیستی درێژخایەن بەگوێرەی جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە دەستیپێکرد؛ تراکتۆرەکە تایبەتمەندیی ئیتاڵیی هەیە و لەو وڵاتەوە هاوردە کراوە."
رۆژی چوارشەممە 17ی ئایاری 2023 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شارەکاندا لە رێگەی سیمینارەوە جووتیاران ئاشنا دەکرێن بە پڕۆژەکە، "بەگوێرەی رێککەوتنەکە، جووتیار سەرەتا 20%ی پارەی تراکتۆرەکە دەدات، ئەوەشی دەمێنێتەوە بە قیستی درێژخایەن لێی وەردەگیرێت."
هیوا عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی هاوشێوەیان بۆ جووتیاران لە پێشتریشدا هەبووە و پێدانی تراکتۆریش تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، ئەو جووتیارانەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشتر فۆڕمی داواکارییان پێشکێش کردووە لە هەفتەی داهاتووەوە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان میکانیزمەکانی چۆنێتیی سوودمەندبوون و داواکردنی ئامێرەکان بۆ جووتیاران روون دەکرێتەوە و زانیاریی پێویستیان لە نزیکەوە پێدەدرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، نموونەی تراکتۆرەکە گەیێندراوەتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵی سلێمانی، گەرمیان و راپەرین؛ ئاماژە بەوەش کراوە، "جووتیارانی هەڵەبجە دەتوانن سەردانی پارێزگای سلێمانی بکەن؛ جووتیارانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران سەردانی ئۆفیسی هەولێر بکەن؛ جووتیارانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆش دەتوانن سەردانی ئۆفیسی کۆمپانیاکە بکەن لە باتێل."