لە کەرکووک ناوچەیەکی پیشەسازیی نوێ دەکرێتەوە؛ پیشەوەران لەڕێگەی رووداو باسی ترس و گلەییەکانیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک ناوچەیەکی پیشەسازیی نوێ کراوەتەوە کە سێ هەزار و 600 دووکان و گەراج لەخۆدەگرێت، ئیدارەی پارێزگاکە دەیەوێت پیشەوەرانی ئەو شارە هەمووی لەو ناوچەیە کۆبکاتەوە، بەڵام بەشێکی پیشەوەران نایانەوێت واز لە شوێنی خۆیان بێنن و بچنە ئەو یەکەیە و ببنە کرێچی، بۆیە حکومەت بە زۆری هێز، گوشار دەخاتە سەریان تاوەکو پرۆژەکە جێبەجێ بکات. 
 
مام ئەحمەد، 20 ساڵە دووکانی فیتەری لە بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک هەیە. گلەیی هەیە و قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات، دەڵێ "دەیانەوێت بەگوشاری هێز لە دووکانەکەم دەرمبکەن و بمکەنە کرێچی لە پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت".
 
ئەحمەد مەحەمەد پیشەوەرێکی دیکەیە و باسی ئەوە دەکات هێزە ئەمنییەکان جار جارە  دێن و "بەدوامان دەکەون و کەپرەکانمان دەڕووخێنن و دەڕۆن، دوای رۆیشتنیان دووکانەکان دەکەینەوە. من، ئەگەر شوێنی خۆم جێبهێڵم و بڕۆمە ناوچە نوێیەکە و کاسبی نەبێت، دواتر لێرە شوێنەکەم بگیرێت، ئیدی ناتوانم بگەڕێمەوە. ئەگەر بزانن لێرە دەردەکرێین لەو ناوچەیە نرخی دووکانەکانمان لەسەر زیاد دەکەن".
 
بە بڕیاری ئیدارەی کەرکووک، دەبێت هەموو دووکانەکانی پیشەوەران لەنێو گەڕەک و بازاڕەکانی شارەکە دەربکرێن و بچنە ناوچەی پیشەسازیی نوێ، کە کەرتی تایبەت دروستی کردووە؛ پیشەوەران بەمە ناڕازین و ئامادەنین دووکانەکانیان چۆڵ بکەن.
 
بەختیار محەممەد وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە، دەڵێ "ئەگەر تەنیا ئێمە بڕۆین، ئەمە بۆ ئێمە نابێت، بەڵام ئەگەر هەمووی دەربکرێت ئەوا رازی دەبین. من، ئەگەر بڕۆم لەوانەیە تەنیشتم نەڕوات، بەڵام ئەگەر هەموومان بڕۆین کەس گلەیی لە کەس ناکات. ئەو گەراجانەی لە ناوچەی پیشەسازی هەن، شەش بۆ حەوت دەستیان کردووە و هەموو خەڵکی هەولێر و سلێمانی کڕیویانن".
 
هێمن هیوا پیشەوەرێکی دیکەیە و باسی ترسێکی دیکەی خۆی و هاوپیشەکانی دەکات لەئەگەری بەزۆر گواستنەوەیان و دەڵێ "ئەگەر بچینە ناوچەی پیشەسازیی نوێ، لەوێ پارەی ئاو و کارەبا و پاسەوانم لێ وەردەگیرێت، بەم شێوەیەش بێت دەبێت من بۆ ئەوان کاربکەم، ئەی بۆ خۆمان چی هەڵبگرینەوە؟".
 
ناوچەی پیشەسازیی نوێ لە کەرکووک، 3600 دووکان و گەراجی تێدایە و بەقیست و کاش دەفرۆشرێت. ئیدارەی پارێزگا بۆ دەرکردنی پیشەوەران لەنێو شار، زۆرجار هێز بەکار دەهێنێت و پیشەوەران دەستگیردەکرێن.
 
ئاوات مەحەمەد، یەکێکە لە خاوەن پشکەکانی ناوچەی پیشەسازی، دەڵێ "هەر پیشەوەرێک توانای کرێ دانی نییە، کرێی لێ وەرناگرێت، ئەگەریش پارەکەی پێ زۆر بوو، داشکاندنی بۆ دەکەین و دەبێتە خاوەن دووکان و گەراجی خۆی. پرۆژەکە 3600 دووکانی هەیە، کە بەشی هەموو کەرکووک دەکات و خزمەتگوزاریی شەقام و شۆستە و دار و باخی هەیە و لە هیچی کەم نییە".
 
ناوچەی پیشەسازی نوێی کەرکووک، لە سەردەمی نەجمەددین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک و لەرێگەی وەبەرهێنانەوە دروستکراوە، ئیدارەی ئێستا پارێزگاکەش ئامادە نییە پرۆژەکە بکاتەوە، ئەمەش کێشەی بۆ پیشەوەر و خاوەن پشکەکانی پرۆژە دروستکردووە.