حکومەت لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا، لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هاوئاهەنگيی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان بۆ بەدواداچوونی راستییەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان پێکبهێنێت.
نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ سێشەممە 17-5-2022 سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات، خەرجییەکان، كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەبوون.
لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داراییەی لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دروستبووە، بە تایبەت کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە؛ ئەرکی لە پێشینەی حکومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە وبژێوی هاووڵاتییان. "حکومەت بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات و، ئەرک وبەرپرسیارێتی کابینەکەشە چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا وناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بێت."
هۆکارەکانی کورتهێنان و کێشە داراییەکان و پێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارە، لەو کۆبوونەوەیەدا خرانەڕوو، "ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیانکردەوە کە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەرپرسیارێتیی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان وەک یەک دابین بکرێت، ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجیی مووچە لە پێش هەر خەرجییەکی دیکە و، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە."
لە هەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە "پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ، بە هاوئاهەنگيی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان بۆ بەدواداچوونی راستییەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان و گەیشتن بە راست و دروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن."