فەیرووز پار لە شوقەیەک فڕێدرایە خوارەوە و دوای پێنج مانگ لە خەودا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

دەنگی هاواری ژنێک، ئەمڕۆ یەکێک لە گەڕەکەکانی دارەتووی پڕکرد، پڕ بەدەنگ هاواری دەکرد "کچێ، رۆڵە لە شوقە تێیانهەڵدای، رۆڵە بە حەوت گوللـە کۆتاییان پێهێنای." گریانی دایکەکە بۆ کچە 19 ساڵانەکەیەتی کە لەماوەی پێنج مانگدا "دوو تاوانی" بەرامبەر کرا و کوژرا.
 
فەیرووز، ئەو کچەی مانگی 11 ساڵی رابردوو لە شوقەکانی ئیسکان فڕێدرایە خوارەوە، بەیانیی ئەمڕۆ لە شیرنیی خەودا خەڵتانی خوێنکرا.
 
نازەی دایکی بە هاتوهاوار و گریان دوا ماڵئاوایی لە کچەکەی کرد. 
 
نازە فەرهاد، دایکی فەیرووز بەمشێوەیە چیرۆکی کوژرانی کچەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە "لەگەڵ دەنگی تەقە بەخەبەر هاتم و رامکرد، من لە ژووری خۆم نووستبووم، ئەویش لە ژووری خۆی نووستبوو."
 
دایکی فەیرووز دەڵێ "لە ژوورەوە کوشتبوویان، دەرگەشیان داخستبوو، بەڵام کە زانیبوویان من لە ژوورەوە نووستووم، هاتنە نێو هۆڵەکە و تەقەیان کرد، ئەوکاتە من هەستامەوە."
 
نازە فەرهاد دوای شەش منداڵ، لە ساڵی 2010 لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، ساڵی 2016 شووی بە شاهین کردووەتەوە.
 
زڕباوکی فەیرووز ئەمڕۆ ساچمەی تەقەکانی بەرکەوتووە.
 
شاهین نەهرۆ، زڕباوکی فەیرووز دەڵێ "ساڵی 2017 باوکیان هەموو منداڵەکانی لە ماڵەوە دەرکرد و بۆ داکیانی هێنانەوە، کە ئەو منداڵەکانی فڕێدان، من بەخاوەنم کردنەوە و 9 ساڵ، دە ساڵە لای منن."
 
سەبارەت بە کوشتنی فەیرووز و ئەگەری بوونی پەیوەندیی بە رووداوی خستنەخوارەوەی لە شوقەکەی ئیسکان لەلایەن دوو گەنج، شاهین دەڵێ "کوشتنەکە، پەیوەندیی بەوەوە هەبوو، کە ئەوان ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە." 
 
شاهین مەبەستی گرتەیەکی ڤیدیۆییە کە تێیدا ئەو دوو گەنجەی بە فڕێدانەخوارەوەی فەیرووز تۆمەتباربوون، لەدوای ئازادکردنیان بڵاویان کردەوە و تێیدا باسی ئازادبوونیان دەکەن. دایکی فەیرووز لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو گوتی باوکی فەیرووز گوتبووی "ئەوان (دوو گەنجەکە) ڤیدیۆ بڵاوبکەنەوە، کچەکەم و ئەوانیش دەکوژم."
 
زڕباوکی فەیرووز جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوان بە گەنجەکانیان گوتووە "ڤیدیۆ بڵاونەکەنەوە، کوشتنەکەش پەیوەندیی بەوەوە هەبوو."
 
دوای رووداوەکەی ئیسکان، ماڵی کچەکە هەولێریان بەرەو دارەتوو جێهێشتبوو. فەیرووز لەسەر سیسەم خەوتبوو و خوشکەکەی لەسەر زەوی، کاتێک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ خەڵتانی خوێن کرا. دایکی وێنەیەکی فەیرووز و براکەی بەدەستەوە گرتووە و هاوار دەکات "چۆن دڵت چووە خوشکت، خوا بە دەردی خوشکتت ببات." 
 
رۆژی 18-11-2023 فەیرووز ئازادی تەمەن 19 ساڵ، لە شوقەکانی ئیسکان فڕێدرایە خوارەوە. رۆژی دواتر واتا 19ـی هەمان مانگ قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "موناقەشە لەنێوانمان پەیدا بوو، پاڵێکی پێمەوەنا و هەڵیدامە خوارەوە."
 
دوای تێپەڕبوونی چەند کاژێرێک بە سەر رووداوەکە ئاسایش تۆمەتباری سەرەکیی دەستگیرکرد، کە برای فەیرووزە.
 

بەرنامەی ئەم ئێوارەیەی بەرپرسیار کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکات، تایبەت بوو بە کەیسی فەیرووز: