وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: 15 ملیۆن دۆلار دەدەینە ئەوەی زانیاریمان لەبارەی سەرچاوەی دارایی سوپای پاسداران پێبدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێک بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە هەر کەسێک زانیاری لەبارەی تۆڕەکانی پارەدارکردنی سوپای پاسداران بدات.
ئاژانسی ئاسایشی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، خەڵاتێک بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار دەدەنە هەر کەسێک کە زانیاری لەبارەی ئەو تۆڕانەی سەرچاوەی دارایی بۆ سوپای پاسداران دابیندەکەن، بدەنە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ئاژانسی ئاسایشی دیپلۆماسی دەڵێت، سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس "جموجۆڵی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهان دەکەن و پاڵپشتی لێدەکەن"، دەشڵێت سوپای پاسداران "ژمارەیەکی زۆری میکانیزمی دارایی بۆ پارەدارکردنی جموجۆڵەکانی بەکاردەهێنێت، لەنێویدا ژمارەیەک کۆمپانیا و دامەزراوە کە یارمەتی دەدەن خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بدزێتەوە".
سوپای پاسدارانی ئێران و فەیلەقی قودس لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان. ئەمریکا دەڵێت، ئێران لە رێگەی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسەوە پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات.
لە ساڵی 2015، ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەوروپاش بەشداری لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رێککەوتنەکە بواری بە لابردنی سزاکان لەسەر ئێران دا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات - شتێک کە هەمیشە رەتیکردووەتەوە بیەوێت بیکات.
بەڵام کشانەوەی تاکلایانەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان، وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە بێت و لە بەرامبەریشدا پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بدات.
ئێستاش مەرجێکی ئێران بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، لابردنی سوپای پاسدارانە لە لیستی تیرۆردا.
لە کانوونی دووەمی 2020، قاسم سولێمانی، فەرماندەی ئەو کاتی فەیلەقی قودس لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا. لەدوای ئەوە، ئیسماعیل قائانی بە فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودس دیاریکرا.
رۆژی هەینی 14ـی نیسانی 2023 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باسی لە رۆڵی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیسرائیل کرد و گوتی،" قائانی لە لوبنان بووە و لەگەڵ سەرکردایەتیی حەماس، جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵا کۆبووەتەوە".
وۆڵ ستریت جۆرناڵ باس لەوەش دەکات کۆبوونەوەکانی قائانی هاوکات بوون لەگەڵ ئاراستەکردنی مووشەک لە باشووری لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل، کە لەدوای هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هات.
بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئامانج لە کۆبوونەوەکانی قائانی "رێکخستنی هێرش بووە بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان"؛ رۆژنامەکە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکات "لەدوای جموجووڵەکانی ئەم دواییەی ئێران، جەنگی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێدەنێتە قۆناخێکی نوێوە".