لەگەڵ رەنج؛ لە هەرێمی كوردستان تاوەكو چەند كار لەسەر ئارامیی تاك كراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
دکتۆرێکی دەروونی لە هەرێمی کوردستان بەختەوەری و خۆشگوزەرانی تاک بە دوو چەمکی لەیەک جیاواز دەزانێت و باس لەوە دەکات زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ریزی پێشەوەی بەختەوەرترین وڵاتانی دنیان، لەڕووی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییەوە زۆر دواکەوتوون، پسپۆرێکی دەروونیش دەڵێت "کۆمەڵگەی ئێمە لەڕووی بەختەوەرییەوە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی تەنانەت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت".
رۆژی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بە میوانداری د. محەممەد تەها، مامۆستای بەشی دەروونزانی لە زانكۆی سەڵاحەدین، د. یوسف حەمەساڵح مستەفا، پسپۆڕی دەروونی و مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین و د. رێدار محەممەد ئەمین، پزیشکی پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان، گەنگەشەی کۆمەڵگەی تەندروست و ئارامیی تاکی کرد، هاوکات باس لەوە کرا، ئاخۆ لە هەرێمی کوردستاندا چەندە کار لەسەر ئارامی و بەختەوەری تاک کراوە؟
بەختەوەرترین و دڵتەنگترین وڵاتانی جیهان
ژمارەی دانیشتووانی فینلاند پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەسە و شەش ساڵە لەسەر یەک، بە بەختەوەرترین وڵاتی جیهان دەناسرێت و پاکترین هەوا و باشترین سیستمی پەروەردەی هەیە.
خەڵکەکەی زۆرترین متمانەیان بە حکومەتەکەیان هەیە و کەمترین نایەکسانییان لەنێودایە، ئەوانەی لە فینلاند رۆژانە کەمتر لە 10 دۆلاریان دەستدەکەوێ، رێژەیان ناگاتە 0.5٪، ئەم وڵاتە دیموکراسیترین و دووەم شەفافترین وڵاتی جیهانە و رێژەی هەژاری تێیدا کەمتر لە 0.5٪ـە.
بەختەوەرترین وڵاتانی دیکەی جیهان کە بە ئازادی، دیموکراسی و خۆشگوزەرانی جیادەکرێنەوە، لە دوای فینلاند بریتین لە دانمارک، ئایسلاند، ئیسرائیل، هۆڵەندا، سوێد، نەرویج، سویسرا، لۆکسمبۆرگ و نیوزیلاند.
ئەو وڵاتانەشی کە بەدەست شەڕ، گەندەڵی، نەبوونی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە دەناڵێنن لە دڵتەنگترینەکانی جیهانن. بەپێی ریزبەندی، 10 دڵتەنگترین وڵاتانی جیهان بریتین لە، ئەفغانستان، لوبنان، سیرالیۆن، زیمبابۆی، کۆماری دیموکراسیی کۆنگۆ، بۆتسوانا، مالاوی، کۆمۆرۆس، و تەنزانیا و زامبیا.
عێراق لە ریزبەندییەکەدا
عێراق، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا گیرۆدەی گرژی، گەندەڵی و خراپیی خزمەتگوزارییەکان بووە. لە کۆی 149 وڵات، لە رووی بەختەوەرییەوە لە پلەی 107ـەمیندا دێت. بە گوێرەی رێکخراوی فریدەم هاوسی ئەمریکی، عێراق نە وڵاتێکی ئازادە و نە دیموکراسی، بەو پێیەی لە رووی مافە سیاسییەکان نمرەکەی 16 لەسەر 40 و لە رووی مافە مەدەنییەکانیش 13 لەسەر 60ـە.
بەگوێرەی ئامارەکان 16.2٪ـی خەڵکی عێراق بێکارن و 23ـەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە و 25٪ـی دانیشتووانیشی لە ژێر هێڵی هەژاریدان. لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیا لە لیستی پێنوێنی بەختەوەریی جیهاندا بەم شێوەیە پۆلێن کراون؛ تورکیا 112ـەمین و ئێران 110ـیەمین وڵاتە و هیچ هەڵسەنگاندنێکیش بۆ سووریا نەکراوە.
دۆخی تاک لە هەرێمی کوردستان
د. یوسف حەمەساڵح مستەفا، پسپۆڕی دەروونی و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، پێیوایە ئاستی دەرووندرووستی کۆمەڵگەی کوردستان خراپە و دەڵێ "دوای 45 ساڵ لە توێژینەوەی ئەکادیمی و مەیدانی لەسەر کۆمەڵگەکەم ئەو ئیزنە بەخۆم دەدەم، بڵێم ئاستی دەرووندروستی تاک و کۆمەڵگەی ئێمە باش نییە".
ئەو پسپۆڕە دەروونییە باس لەوە دەکات، کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان هەمیشە پلان دادەنێن و رەچاوی پرەنسیپە زانستییەکان دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیانی تاکەکانیان، بەڵام "ئێمە نەک پلان بۆ بەختەوەری تاکەکان دانانێین، بەڵکو هەوڵ بۆ بەلاوەنانی ئەو هۆکارانەش نادەین کە ژیانی تاکەکانی ناخۆش کردووە، بەو پێیەش ئێمە هێشتا لەو ئاستەدا نین کە هەڵسەنگادنمان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانین ئایا بەختەوەرین یان نا".
د. یوسف حەمەساڵح دەڵێت: "دەسەڵات و سیاسەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وایان لە تاک کردووە، بەردەوام خۆی بگونجێنێت. نزیکەی سەتەیەکە بە شەڕ، ئەنفال، کۆڕەو و ناخۆشیدا تێپەڕیوین و ئەوەش وایکردووە ببین بە مرۆڤێک کە فێرکرابێت لەگەڵ هەموو ناخۆشی و ناڕەحەتییەکان بگونجێت".
بە گوتەی د. یوسف حەمەساڵح، کۆمەڵگەی ئێمە بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی نەخۆشی تێدایە، لەڕووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کۆنتڕۆڵکردنی خود و پەروەردە "هەر لە دایەنگەوە تاوەکو زانکۆکانمان کەموکوڕیمان زۆرە، ئەوەش وایکردووە ببینە کۆمەڵگەیەکی سۆزدار و لەبری لایەنە عەقڵانییەکەمان، هەڵچوونەکانمان زیاتر گەشە بکەن".
"تاکی کورد هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە"
د. محەممەد تەها، مامۆستای بەشی دەروونزانی لە زانكۆی سەڵاحەدین، کەسایەتیی تاکی کورد بە کەسایەتییەکی پەرچەکرداریی ناودەبات کە هەمیشە لە دۆخی رووبەڕووبوونەوەی سرووشتدایە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە بوارە سرووشتییەکەی خۆی دەربچێت و بگاتە ئەو ئاستەی کاریگەریی عەقڵی خۆی لەسەر سرووشت دابنیت و بەشێک لە تاریکییەکەی بەجێبهێڵێت و بگاتە سنووری رووناکی.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێیوایە، تاکی کورد کەسێکی هەڵچووە و لە رووانگەی هەڵچوونەکانی خۆیەوە بڕیارە سیاسیی، ئایینی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نەریتییەکانی دەدات و، "تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە شوێنێک لە جوگرافیای خۆمان وەکو کوردستان دروستبکەین کە ئاماژەبێت بەوەی کە ئەمە عەقڵی کوردە و دروستیکردووە".