ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک پێشنیازی لەکارلادانی بەڕێوەبەرێکی گشتی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی "خراپ بەکارهێنان"ی دەسەڵاتەکەی، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک پێشنیازی کردووە، بەڕێوەبەرێکی گشتی و هەندێک سەرۆک بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە لە کارەکانیان دوور بخرێنەوە.
رۆژی دووشەممە 17-04-2023، ئیدریس هەرکی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک بە باشی خزمەتی گەشتوگوزاری پارێزگاکەی نەکردووە.
ئیدریس هەرکی گوتیشی: "ئەو کەسە هەندێک کاری کردووە، زیانی بە گەشتوگوزار گەیاندووە. دەرکەوتووە کە دەسەڵاتی خۆی خراپ بەکارهێناوە" بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەندا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەن داوا کراوە ئەو کەسە لە پۆستەکەی لابدرێت.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەدا پێشنیازی لەکارلادانی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆکیان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەرزکردووەتەوە، چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئاشکرایکرد، لیژنەکانیان بەدواداچوونیان بۆ ئەو شوێنانە کردووە، کە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار پارەیان لێ وەرگیراوە، پارەکەش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە بەکارهێندراوە، بەڵام بە گوتەی ئیدریس هەرکی، ئەوە "نایاساییە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەستەی دەستپاکیش هاتووەتە سەر هێڵ و دۆسیەی بەدواداچوونی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکە کردووەتەوە.
رووداو، پەیوەندی بە د. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆکەوە کرد، لەو بارەیەوە گوتی: "ئاگاداری نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا نیم، لە چەند رۆژی داهاتوو هەڵوێستی خۆم لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە رادەگەیێنم."