لە داقووق بە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر حەشد و سوپای عێراق

17-04-2021
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
لە هێرشەکەدا سەربازێکی عێراق کوژراوە
لە هێرشەکەدا سەربازێکی عێراق کوژراوە
نیشانەکردن هێرشی مووشەکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەربانگدا گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر خاڵێکی حەشدی عەشائیری و سوپای عێراق لە سنووری داقووق و بەهۆیەوە "سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و پێنج کەسیش برینداربوون".
 
سەرچاوەیەکی حەشدی عەشائیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەربانگدا بووە، چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکیان لە سنووری داقووق لەنێوان گوندی ئەلبوشەهاب و سەماحە کە لەئەنجامدا سێ چەکدارییان برینداربوونە. 
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی حەشد کە قسەی بۆ رووداو کرد، هێرشەکە سەرەتا لە رێگەی 6 کاتیۆشاوە ئەنجامدراوە و دواتر رووبەڕووبوونەوە درووستبووە، جیا لە بریندارەکانی ئەوان، سەربازێکی سوپای عێراق لە لیوای زرێپۆش کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەو هێزەی حەشدی عەشائیری کە کراونەتە ئامانج، سەر بە خالید موفرەجیان، پەرلەمانتار و سەرکردەی سوننەکانن و فەوجێکیان لە گوندی ئەلبوشەهاب بۆ کراوەتەوە.
 
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانەوە، دکتۆر گەیلان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دووان لە بریندارەکان رەوانەی کەرکووک کراون و یەکێکیان هێنراوەتە نەخۆشخانەکەی ئەوان کە فیشەک بەر سینگی کەوتووە و خراوەتە ژێر چاودێریی چڕەوە."
 
عەلی حوسێنی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی میحوەری باکووری حەشدی عەشائیری لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان پێیان وانییە داعش ئەو هێرشەی کردبێت، چونکە داعش "ئەو هێزەی نییە وەکو پێشوو تاوەکو هێرش بکات" بۆیە وا دەزانن کە ئەوکەسانە "بەکرێگیراوی ئەمریکا" بن.

بەرپرسەکەی حەشدی عەشائیری باسی لەوەشکرد، داعش تەنیا لەڕێگەی هاوەنەوە هێرشەکانی ئەنجامدەدات. لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە ئەو بەرپرسە گوتی، "شەهیدمان نییە و تەنیا بریندار هەن."
 
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک لەبەردەم نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاریی کەرکووک رایگەیاند، بەگشتی دۆخی بریندارەکان جێگیرە، بەڵام یەکێکیان لەژێر چاودێریی چڕدایە. گوتیشی، مەبەستی هێرشەکە زیاتر بۆسەر سوپای عێراق بووە. ئەو شوێنەی هێرشیکراوەتە سەر دەکەوێتە سەر چەمی رۆخانە. 

لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوو، ئەمە سێیەم جارە ئەو فەوجەی حەشدی عەشائیری هێرشیان بکرێتەسەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئەی تی ئێمانەی لە دهۆک شکێندرا

لە دهۆک سێ ئامێری ATM شکێندران

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، سێ ئامێری ATMـی راکێشانی پارە تایبەت بە هەژماری من، شكێندراون و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.