گەنجێک لە مەلەوانگەیەکی هەڵەبجە خنکا
رووداو - هەڵەبجە
گەنجێکی 22 ساڵان لە مەلەوانگەیەکی هەڵەبجەدا خنکا.
رائد بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17-4-2019 گەنجێکی 22 ساڵان لەکاتی مەلەکردندا لە کۆمەڵگەی وەرزشی ھەڵەبجە خنکا.
بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە یەکێک لە راھێنەرانی مەلەوانگەکە دەستگیرکراوە.
رائد بەرزان عوسمان گوتی "گەنجەکە ناوی راستی عەبدوڵڵایە، دانیشتووی گوندی قەرەگۆلی سەر بە وارماوایە. سەرپەشتیاری بەشی ناوخۆیی کۆلیژی پەروەردەی ھاوبەشە لە ھەڵەبجە. دوای رووداوەکە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆتایی ساڵی رابردووش هەر لە مەلەوانگەیەکی هەڵەبجە نەوجەوانێکی تەمەن 13 ساڵ خنکا.