لە هەولێر رۆژنامەنووسێک لەسەر سکاڵای وەزیری پەروەردە دەستبەسەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی دۆسیەکەی دەڵێت، لەسەر سکاڵای وەزیری پەروەردە، "رۆژنامەنووس"ێک لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری دەستبەسەرکردنی درا.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی بەختیار سەعیدە. بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەختیار سەعید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵای کردووە و داوەریش بە گوێرەی مادەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەختیاری راگرتووە".
بەشدار حەسەن گوتی: "دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر بە مادەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بڕیاری دا تاوەکو 27ـی ئادار بەختیار سەعید لە زیندان رابگیرێت".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، سبەی داوای ئازادکردنی بە کەفالەتی بەختیار سەعید دەکەن تاوەکو رۆژی دادگاییکردنی. گوتیشی: "سبەی داوا دەکەین مادەی دۆسیەکەش بگۆڕدرێت بە یاسای رۆژنامەگەری".
ئەو مادەیەی بەختیار سەعیدی پێ دەستگیرکراوە، سزاکەی زیندانکردنەوە بۆ ماوەیەک لە شەش مانگ کەمتر نەبێت، ئەمەش بە گوتەی بەشدار حەسەن، کە لەگەڵ دوو پارێزەری دیکەدا بەرگری لە دۆسیەی راگیراوەکە دەکەن.
بەختیار سەعید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەت و زانیارییەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە. بەشدار حەسەن دەڵێت: "نازانم بەختیار لە دەزگایەکی میدیایی کار دەکات یان نا، بەڵام ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە و ناسنامەی ئەندامبوونەکەی هاوپێچی دۆسیەکەی کراوە".