لە سنووری کەرکووک کەسێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کەسێک لە گوندی تۆڵکی سنووری کەرکووک کوژرا، پۆلیس دەڵێت، پێشتر کەسەکە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 07-03-2025، عەقید ئاکۆ غالب خەلیفە، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی شوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ شەو چەند کەسێک هەڕەشەیان لەو گەنجە کردووە، ئەمڕۆ چوونەتە شوێنی کارەکەی، بووەتە دەمەقاڵەیان و کوشتوویانە.
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی هانا عەدنانە و لەدایکبووی 1986ـە. خێزاندارە و باوکی پێنج منداڵە.
بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی شوان گوتی، "ئەو کەسەی کوژراوە کەسارە (بەردشکێن)ی هەبووە، چەند کەسێک داوای سەرانیان لێکردووە و پێیانگوتووە، ئەگەر پارەیان نەداتێ، دەیکوژن."
بە گوتەی عەقید ئاکۆ غالب، کوژراو و بکوژ خەڵکی کەرکووکن. تۆمەتبارەکان سێ کەس بوون، کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ دوای ئەوەی تەقەیان لەو گەنجە کردووە و کوشتوویانە، بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
تەرمی هانا عەدنان براوەتە دادپزیشکی کەرکووک بۆ ئەوەی توێکاری بۆ بکرێت.