پەروەردەی گەرمیان: سبەی دەوام ئاسایی دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی دوو مانگ لە بایکۆتی دەوام لە قوتابخانەکانی سنوورەکە، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان دەڵێت، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکاندا کۆبووەتەوە و بڕیاریان داوە، لە سبەینێوە دەوام ئاسایی ببێتەوە.
عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەکان کۆبووینەوە، بڕیارماندا سبەی دەوام لە شاری کەلار و خانەقین بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان گوتی، لە قەزای کفری دەوام ئاسایی بووەتەوە و سبەی لە کەلاریش ئاسایی دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: "بایکۆت جێگەی خۆی گرت و گەیشتە حکومەت، حکومەتیش تێگەیشتنی باشی بۆ دۆخەکە هەبووە".
عەدنان حوسێن دەڵێت، "بۆیە بڕیارەکە دراوە خوێندنی ساڵێکی قوتابییان بەفیڕۆ نەچێت، کە هەر منداڵی مامۆستایان و کەسوکاری خۆیانن، مامۆستاکانیش نایانەوێت خوێندنی ساڵێک بفەوتێت".
لە خوێندنی ساڵی 2024–2025، یەکەمجار لە 01-12-2024 بایکۆت لەو سنوورانەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەستیپێکرد و تەواوی مانگەکە بەردەوام بوو. دوای دابەشکردنی مووچەیەک، مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی دەوام لە 26-01-2025ـەوە بایکۆت دەستیپێکردەوە.
11ـی ئەم مانگە، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بایکۆت لە سنوورەکەمان کۆتایی هات و دوێنێ لە تەواوی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووە و وانە خوێندراوە".
هاوکات فەرهاد قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لە تەواوی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە".
هەروەها ئیدارەی راپەڕین یەکێک بوو لەو ناوچانەی بایکۆتی تێدا بوو. یوسف جەلال بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی ئیدارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەنتەری قەزای رانیە خوێندن ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە قەزای پشدەر هێشتا بایکۆت ماوە".
لە خوێندنی ساڵی 2023 – 2024دا، لەگەڵ دەستپێکی خوێندن لە 13-09-2023، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.