وەزارەتی ناوخۆ: سيستمى نوێى راهێنانى شۆفێرى وه‌رچه‌رخانێكه‌ له‌ بوارى هاتووچۆ دا

گۆڕەپانێکی تایبەت بە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، سیستمی نوێى دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێرى گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ ژمارەی کاژێرەکانی راهێنانی تیۆری و پراکتیکی زیادکراوە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ "سيستمەکە وه‌رچه‌رخانێكه‌ له‌ بوارى هاتووچۆ دا."
 
چەند هاونیشتمانییەک کە خوێندەوارییان نییە، پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، لە سیستمی نوێی راهێنان و تاقیکردنەوەی تیۆریی مۆڵەتی شۆفێری، هەموو پرسیارەکان کۆمپیوتەرین و هەرکەسێک خوێندەواریی نەبێت، ناتوانێت لێی دەربچێت.
 
جیهاد، گەنجێکی خەڵکی هەولێرە، بە رادیۆی رووداوی گوت، "من نەخوێندەوارم و رۆیشتووم بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام لە تاقیکردنەوەی تیۆری دەرنەچووم، چونکە پرسیارەکان تێکەڵەی نووسین و هێمای هاتووچۆن، جگە لەوە؛ پرسیارەکان بۆ بەشداربووان ناخوێندرێنەوە، بۆیە لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچووم، داواکارین چارەسەرێک بۆ کێشەکەمان بدرۆزێتەوە."
 
بەگوێرەی سیستمی نوێی راهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بۆ راهێنانی تیۆری دەبێت خوازیار 23 کاژێر وانەی تیۆری بخوێنێت و 12 کاژێریش راهێنانی پراکتیکیی شۆفێری بکات.
 
تاقیکردنەوەی تیۆری 20 پرسیارە و هەر پرسیارێک سێ بژاردەی هەیە، دەبێت لەماوەی 20 خولەک دا وەڵامبدرێتەوە و بەلایەنی کەمەوە 16 وەڵامیان دروستبن.
 
بەگوتەی ئەفسەرێکی باڵا لە هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، "ئەم سیستمە نوێیە لەبەرژەوەندیی هاونیشتمانییانە، چونکە پێشتر لە هەر شوێنێک جۆرە سیستمێک پەیڕەو دەکرا، بەڵام لەم سیستمە نوێیە دا، هەموو کوردستان یەکخراوە. سیستمەکە لەلایەن ئەفسەرانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستانەوە دانراوە. تاقیکردنەوەکانیش لە هەموو ناوچەکان کۆمپیوتەری دەبن، لەکاتێکدا پێشتر تەنیا لە ناوەندی پارێزگەکان کۆمپیوتەری بووە."
 
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری وەرچەرخانێکی گرنگە لە بواری هاتووچۆدا لە هەرێمی کوردستان، چونکە هەمووی دەبێتە یەک جۆر و سیستمە نوێیەکەی مۆڵەتی شۆفێری لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکان هاوتەریب دەستیپێکردووە.
 
لەبارەی گرفتی ئەوانەی نەخوێندەوارن، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی "ئێستا سەرقاڵی ئەوەین سیستمێکی تایبەت بۆ ئەوان بەکاربخەین و لە ئاییندەیەکی نزیکدا وەگەڕدەخرێت."
 
باسی لەوەش کرد "لە رابردوودا خەڵکانێک هەبوون خۆیان بە نەخوێندەوار هەژمار کردبوو، بەڵام لەم سیستمە نوێیەدا ئەوە چارەسەر دەکرێت، کە کەسێک خوێندەواری هەبێت و خۆی بە نەخوێندەوار هەژمار بکات."