لە ورمێ شەش بەندکراوی کورد لەسێدارە دران
رووداو دیجیتاڵ
سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا، کە پێنج لە بەندکراوەکان "تاوانبار" کرابوون بە بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر، یەکێکیشیان تاوانبار کرابوو بە "سیخوڕیکردن بۆ دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل."
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێویاندا هەنگاو، ئاماژە بەوە دەکەن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17-03-2023 سزای لەسێدارەدانی فروهەر عەباس نەژادی تەمەن 40 ساڵ و خەڵکی گوندی گۆجاری ترگەوەر، هەروەها سەلیم ئەیوبیان، تەمەن 37 ساڵ و خەڵکی گوندی موانای ناوچەی مەرگەوەر؛ جەهانبەخش رادلۆیی خەڵکی گوندی ئاقچەقەل لە ناوچەی سۆما؛ یاسین رەشیدی، خەڵکی گوندی کەلۆر و حوسێن عومەری، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر جێبەجێ کراوە.
هەروەها نەسیم نیازی، هاونیشتمانیی کوردی دانیشتووی کەرەج کە بە گوتەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە "سیخوڕیکردن بۆ مۆساد" تاوانبار کراوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و لەگەڵ ئەو پێنج بەندکراوەی دیکە لەسێدارە دراوە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، شەوی رابردوو دەیان کەس لە کەسوکاری ئەوانەی لەسێدارەدران، لەبەردەم گرتووخانەی ورمێ گردبوونەوە.
لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش کەسە، ئێستا باس لە دۆسیەی محێدین ئیبراهیمی دەکرێت کە بە تۆمەتی چالاکیی چەکداری دژ بە دەسەڵاتی ئێران و ئەندامێتیی لە حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی 11ی ساڵی 2017 دەستبەسەر کراوە و بە لەسێدارەدان سزادراوە. سزاکەشی لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران پەسند کراوە.
ئەو بەندکراوە بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رۆژی چوارشەممەوە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکە کەسی.
محێدین ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی شنۆیە و ساڵی 2017 برایەکی بە ناوی نوورەدین، بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.