دیداری دکتۆر ئاراس لە کەرکووک بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ 

بە بەشداریی زیاتر لە دوو هەزار قوتابی و فێرخواز، دیداری دکتۆر ئاراس لە کەرکووک بەڕێوەچوو و کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس لە شارەکە راگەیەنرا. 
 
بانە مەڕوان و هاوڕێکانی پڕۆژەیەکی تەندروستیی هاوبەشیان هەیە، بۆ گەشەپێدان بە پرۆژەکەیان ئەمڕۆ (شەممە، 17-2-2024) لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس ئامادەبوون و، دەیانەوێت زانیاریی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان بەدەستبهێنن.
 
بانە مەڕوان، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بە رووداوی راگەیاند "بۆ من، وەکو خاوەن پڕۆژەیەک کە پڕۆژەکەم بریتییە لە چۆنییەتیی باشتر بەکارهێنانی دەرمانەکان، پڕۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتیی هەلێکی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی بتوانم لەم رێگەیەوە زیاتر خزمەت بە کەرکووک و کەرتی تەندروستی بکەم."
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 21 هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس کردووە، کە شەش هەزاریان خەڵکی کەرکووکن، لەو ژمارەیەش 67٪ـیان خانمانن و 89٪ـیان لەخوارووی تەمەنی 23 ساڵییەوەن.
 
شەهلە کەریم، خۆبەشی تەندروستی دەڵێ "ئێمە وەکو خوێندکارانی شاری کەرکووک، تاوەکو ئێستا دیدارەکە زۆر باش دەبینین و ژمارەیەکی زۆری گەنجانی کەرکووک بەشداربوون. ئێمە، لە شاری کەرکووک زۆر پێویستمان بەم ئیڤێنتانە هەیە، تاوەکو لە رێگەی ئەم دیدارانەوە بتوانین سوود بە (کەرتی) تەندروستی بگەیەنین."
 
عەلی شێرزاد، ئەندامی کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراسە و دەڵێت "ژینگەی کەرکووک ژینگەیەکی پاک نییە، دەمانەوێت لە رێگەی ئەم کارنامەی دکتۆر ئاراسەوە بتوانین کۆمەڵگەی تەندروستیی کەرکووک بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر و پاکتر ببەین."
  
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی، دەرفەتێکی دیکەیە بۆ بڵاوکردنەوەی، هۆشیاریی تەندروستی و دەرفەتدان بە قوتابیان، گەنجان و خۆبەخشانی کوردستان تاوەکو رۆڵی خۆیان ببینن و بەشداربن لە داڕشتنی بیرۆکەی بەرنامەکە بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی.
 
ئاراس برادۆستی پێشکەشکاری رووداو دەڵێ "دۆخی کەشوهەوا، ژینگە، ئاو، خۆراک و ستایلی ژیان بەشێوەیەکی گشتی لە کەرکووک تەواو جیاوازە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کورستان، لەبەرئەوە دیداری کەرکووک تەواو جیاواز دەبێت و لەبەر ئەو هۆکارانەشە رێژەیەکی زۆر زیاتری گەنجان لە کۆمیونیتییەکە و دیدارەکەش ئامادە دەبن." 
 
دیداری دکتۆر ئاراس لە شار و شارۆچکە و قەزاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، یەکەمین دیدار لە شاری دهۆک و دووەمیان لە کەرکووک بوو، پەیامەکانی دیدارەکەش لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بە زۆرترین کەس لە سەرتاسەری جیهان دەگەیەنرێن.