هاتووچۆی هەولێر: لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکەی شەقامی 120 مەتری دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-2-2022 رووداوێک لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر روویدا کە تێیدا ئۆتۆمبێلێک بە تابلۆی حکومییەوە لە چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکەی دا، لێدان لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە وا دەردەکەوێت "بەمەبەست" بووە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. رووداو ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، "لێکۆڵینەوە دەکەین."
 
هاونیشتمانییەک لەکاتی یەکێک لە رووداوەکاندا لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر تێپەڕیوە و ڤیدیۆی رووداوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە کە تێیدا دەردەکەوێت، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرووزەر کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی شینە و حکومییە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سێنترا دەدات. دوای ئەوەی جاری یەکەم لێی دەدات، جارێکی دیکەش دەچێتەوە سەری و خۆی پێدا دەکێشێتەوە لەکاتێکدا شۆفێری ئۆتۆمبێلە سێنتراکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەتی.
 
رووداوەکە نزیک کاژێر 07:00ـی ئەم ئێوارەیە روویداوە. هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو چووە شوێنی رووداوەکە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئۆتۆمبێلەی تابلۆکەی حکومییە لە شەقامی خزمەتگوزارییەوە هاتووەتە سەر شەقامی 120 مەتری و لە ئۆتۆمبێلەکەی داوە. هاوکات لە چوار ئۆتۆمبێلی دیکەیشی داوە. 
 
رووداوەکە ئاستەنگی هاتووچۆی لەسەر شەقامی 120 مەتری دروستکرد. فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکانمان چوونەتە شوێنی لێکۆڵینەوە تاوەکو زانیاری لەسەر شۆفێرەکە و هۆکاری رووداوەکە کۆبکەنەوە."
 
بە گوتەی فازڵ حاجی، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە تاوەکو شۆفێری سەرپێچیکار بدەنە دادگە و سزای یاسایی خۆی وەربگرێت. 
 
تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە کە هۆکاری رووداوەکە چی بووە. شۆفێری ئۆتۆمبێلە سێنتراکەش کە عەرەبە بە رووداوی گوت، "ئەو کەسەم نەناسیوە و هیچ کێشەیەکم لەگەڵیدا نەبووە."
 
تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەیان لەسەر شەقامەکە گواستووەتەوە کە بەهۆی ئۆتۆمبێلە حکومییەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کردووە ئەوەشیان گوت ئەو کەسەی ئۆتۆمبێلە حکومییەکەی پێبووە، بە خێراییەکی زۆر لەسەر شەقامەکە رۆیشتووە.