ئامانج رەحیم: دەبێت بیر لە وەرگرتنی قەرز بکەینەوە
رووداو- هەولێر
بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغداد، ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە جگە لە باسکردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنی 2/12/2014 لە هەولێر گەنگەشە کرا.
ئامانج رەحیم گوتی:" هەردوو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی کوردستان، جەختیان لەسەر پابەندبوون لەسەر رێککەوتننامەی هەرێم و بەغدا کردەوە لەسەر فرۆشتنی نەوت کە لە 2/12/2014 لەنێوان وەزیری نەوتی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان واژۆکرا".
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی:" هەردوولا پابەندی خۆیان بە رێککەوتننامەکە دووپاتکردووەتەوە، ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراق پابەندنەبوو بەو رێککەوتنە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە ئەڵتەرناتیڤی دیکە بکاتەوە".
سەبارەت بەو رێککەوتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامانج رەحیم دەڵێت:" رەشنووسی رێککەوتنەکە ئێستا بووە بە یاسا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆی لەسەر کراوە و بەمزوانە لە رۆژنامەی "وەقایە"بڵاو دەکرێتەوە. لە ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکەدا هاتووە، هەر لایەنێک پابەند نەبێت بە ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکە رێگا بە لایەنی دووەم دەدرێت کە ئەڵتەرناتیڤ بدۆزێتەوە، بێگومان ئەڵتەرناتیڤی کوردستانیش پێنەدانی داهاتی نەوتە بە ناوەند".
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی:" لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە سەرچاوەی دیکە بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی داهات" گوتیشی:" یەکێک لە سەرچاوەکان ئەوەیە کە بیر لە وەرگرتنی قەرز بکەینەوە، ئەم کارەش لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە شتێکی ئاساییە".
سەبارەت بەو کۆمپانیا گەورانەی کە ئامادەن قەرز بە هەرێمی کوردستان بدەن ئامانج رەحیم، دەڵێت:" هەندێک کۆمپانیا ئامادەیی ئەوەیان نیشانداوە کە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام داوای چوارچێوەیەکی یاسایی دەکەن بۆ وەرگرتنی قەرز" دەشڵێت" یاسای قەرز لە هەرێمی کوردستان ساڵی 2014 ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا راپۆرتی هەردوو لێژنەی دارایی و یاسایی تەواو نەبووە، هەرکاتێک تەواوبێت دەخرێتە دەنگدانەوە".