کەشناسیی سلێمانی: لە مەرزی کێلێ 110 سانتیمەتر بەفر باریوە


روداو دیجیتاڵ

کەشناسیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، زۆرترین رێژەی بەفربارین لە سنووری پارێزگاکە لە مەرزی کێلێ بووە کە زیاتر لە مەترێکە.
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسیی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەفربارین زۆرێک لە ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینی گرتووەتەوە، زۆرترین بەفر لە مەرزی کێلێ باریوە کە رێژەکەی مەترێک و 10 سانتیمەتر بووە.
 
ئاسۆ کەمال گوتیشی، "لە ناوچەی حاجی ئۆمەران 90 سانتیمەتر، لە ناوچەی تەوێڵە 52 سانتیمەتر، لە ناوچەی چوارتا 24 سانتیمەتر و لە سەنتەری پارێزگای سلێمانیش 12 سانتیمەتر بەفرباریوە، جگە لەوەی بەفر بەبڕی جیاجیا زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی سپی پۆش کردووە".
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسیی سلێمانی راشیگەیاند، "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی 29.8 میلیمەتر باران باریوە، کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵیش لە سەنتەری شاری سلێمانی 229.5 میلیمەتر بووە کە ساڵی پار تاوەکو ئەم بەروارە 333 میلیمەتر باران باریبوو."
 
ئاسۆ کەمال باس لەوەش دەکات، بەهۆی هاتنی ئەو بارستە هەوا ساردەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون کردووە، بە شێوەیەک رۆژی دووشەممە 17-01-2022  لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی نزمترین پلەی گەرمی بە 1 پلەی سەدی تۆمارکراوە، لە ناوچەی پێنجوێن 5 پلەی ژێرسفری سەدی، لە ماوەت سێ پلەی ژێر سفر و لە بازیانیش سفر پلەی سەدی تۆمار کراوە.
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسیی سلێمانی، باس لەوەش دەکات، رۆژی سێشەممە کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیر دەبێت و زۆربەی کات ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و ئەگەری دروستبوونی بەستەڵەک هەیە لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکاندا. 
 
لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی وشکەساڵی بەهۆی ئەو بەفر و بارانەی تاوەکو ئێستا لەمساڵدا باریوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسیی سلێمانی باسی لەوە کرد، لە مانگی 4 هەڵسەنگاندن بۆ بڕی ئەو بارانە دەکرێت کە لە ناوچەکاندا باریوە، بەراورد بە تێکرای ناوچەکان کەمترە یان زیاترە ئەوکات بڕیار لەوە دەدرێت کە وشکەساڵییە یان نا.