لە پشدەر 11 کەس لە نێو بەفردا گیریان خواردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارینی بەفرەوە، 11 کەس کە شەش ئۆتۆمبێلیان پێبووە، لە کوێستانەکانی هێرۆ لە دەڤەری پشدەر رێگەی گەڕانەوەیان لێگیراوە. بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆش دەڵێت، بەهانایانەوە دەچن.
رۆژی دووشەممە 17-1-2022، موحسین حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ناوچەکەیان نزیکەی 70 سانتیمەتر بەفر باریوە، ئەو کەسانەش لە چیاکە رێگەی گەڕانەوەیان نییە، بۆ وێنەگرتن و گەشت چوون.
ئاماژەی بەوەشکرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین، شۆفڵی زنجیرداریان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بچن بەهانایانەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا رزگاریان دەکەن.
بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ داوای لە هاونیشتمانیان کرد، کە سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن و هاوکاری تیمەکانی ئەوانیش بکەن لە پێناو سەلامەتیی خۆیان.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لە هەندێک شوێن زیاتر لە مەترێک بەفر کەوتووە.