ئامانج رەحیم: کابینەی هەشتەم بەبێ سێ لایەنەکەش بەردەوام دەبێت

 رووداو - هەولێر

چەند مانگێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردن، لەو ماوەیەدا گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەت کشانەوە بەدوای ئەوانیشدا یەکگرتوو، هەرسێ لایەنەکە دەڵێن "حکومەت ئەو چاکسازیانەی نەکردووە کە داوای دەکەین"، حکومەتیش دەڵێ "کشانەوەی درەنگوەخت، موزایەدەی سیاسییە لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردندا".

وەزیرەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ ماڵئاواییکردن، بەشدارییان لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، تیمەکەی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆکوەزیرانیان گوت "ئەمە دوا دیدارمانە لێرە".

نێچرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتێک رۆژی چوارشەممە (17-1-2018) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی لەبارەی دەستلەکارکێشناوەی وەزیرەکانی یەکگرتوو کرد، زۆر نیگەران دیار بوو و گوتی "کاتی کشانەوەی یەکگرتوو لە حکومەت، گونجاو نەبوو و لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزیشدا نەبوو".

ئێستا وەزیرەکانی سێ حزب لە حکومەت کشاونەتەوە، بەڵام هێشتا کابینەی هەشتەم شەرعیەتی یاسایی لەدەستنەداوە، چونکە لە چوار حاڵەتدا کابینەکە هەڵدەوەشیتەوە کە پێکهاتوون لە: وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکوەزیران بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، ئەگەر حکومەت لە دوو هاوپەیمانی پێکهاتبوو و یەکێکیان بکشێتەوە، یان دەستلەکارکێشانەوەی 50+1ـی وەزیرەکانی حکومەت.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ: دەستلەکارکێشانەوەی هەرسێ فراکسیۆنەکە کاریگەری نابێت لەسەر بەردەوامبوونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

سەرۆکوەزیران داوای کرد وەزیرەکانی یەکگرتوو تاوەکو دیاریکردنی وەزیری بە وەکالەت بۆ وەزارەتەکانیان بمێننەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی رووداو، دوای تەواوکردنی هەندێک وردەکاری و واژۆکردنی هەندێک نووسراو، کە لەبەردەستیانە، چوار وەزیرەکەی یەکگرتوو بەیەکجاری ماڵئاوای لە کابینەی هەشتەم دەکەن.

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار