وەزارەتی پلاندانان: پێش سەری ساڵ پاداشتی دارایی بژمێرەکان دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند رۆژێکە شاندێکی وەزارەتی پلاندانان بە لیستی پاداشتی دارایی بژمێرەکانەوە لە بەغدایە. دەشڵێت پێش سەری ساڵ پاداشتە داراییەکانیان دابەشدەکرێت.
دووشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە و لیستەکەمان لە رێگەی شاندێکی ژمێرکارییەوە بۆ بەغدا ناردووە، ئێستا وردبینی لە لیستەکە دەکرێت."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی: "لە بەسرەوە تاوەکو هەرێمی کوردستان هەموویان لیستی خۆیان بردووە بۆ بەغدا و بە نۆرە وردبینی لە لیستی هەموویان دەکرێت، دواترا شایستە داراییەکانیان دابەشدەکرێت."
بە گوتەی مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەرەکان لە مانگی 10ەوە پاداشتی دارایی وەردەگرن، ئەم مانگە لیستی مووچەی بژمێرەکانیش رۆشتووە و هەموویان ئەم مانگە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
19 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان ناویان بۆ بوونە بژمێر گەڕابووەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "20 بۆ 27 هەزار کەس پاداشتە دارایی وەردەگرن کە بۆ هەر مانگێک 250 هەزار دینارە."
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا، تاوەکو شەوی 14ی ئەم مانگە تەواوی فۆرمی تۆماری خێزان پڕکرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان کران.