لە رۆژانی هەڵبژاردن هاتووچۆی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان ئاساییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژانی گەشتوگوزاری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، لە رۆژانی هەڵبژاردندا هاتووچۆی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024) نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژانی هەڵبژاردندا هاتووچۆی گەشتیاران لە پارێزگای هەولێر ئاسایی دەبێت، گەشتیاران دەتوانن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و پێویست ناکات گەشتەکانیان هەڵبووەشێنەوە."
رۆژی 18ـی ئۆکتۆبەر، دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەریش دەنگدانی گشتییە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژانی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێت و گەشتیاران دەتوانن سەردانی پارێزگاکە بکەن."
سەبارەت بە پارێزگای دهۆکیش، شەماڵ هرووری، گوتەبێژی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتیاران دەتوانن بەردەوام بن لە گەشتەکانیان و سەردانیکردنی پارێزگای دهۆک، چونکە هیچ قەدەخەیێکی هاتووچۆ لە رۆژانی هەڵبژاردن راناگەیێندرێت."
ساڵی 2023 زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.