لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر سێ کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر گیانلەدەستدانی سێ کەسی لێکەوتەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەرسێکیان گەنج بوون و تەمەنیان نزیکەی 20 ساڵ بووە.
 
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2024، کاژێر 15:00 لە نزیک گەڕەکی هەولێری نوێ روویداوە کە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری نیسان سێنترا و تۆیۆتا لاندکرووزەر بووە. 
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی: "دووان لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلی جۆری سێنترا دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و شۆفێرەکەیشی دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کەسەکان تەمەنیان نزیکەی 20 ساڵ بووە و خەڵکی هەولێرن، دووانیان ئامۆزای یەکدین، ئەوەی دیکەیش هاوڕێیانە.
 
بەگوتەی پەیام سەربەست، ئەو گەنجانە ویستوویانە لە شەقامی 120 مەترییەوە بەرەوە ماڵەوەیان کە لە گەڕەکی هەولێری نوێیە بچن، بەڵام بەهۆی خێرایی زۆرەوە، کۆنترۆڵیان لەدەست دەرچووە و خۆیان بە لاندکرووزەرێکدا کێشاوە.
 
رووداو زانیوێتی سەرنشینانی لاندکرووزەرەکە سەلامەتن و تەنیا بە سووکی بریندار بوون. تەرمی سێ گەنجەکەش دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ کرا، لە دادپزیشکییەوە نێردرانەوە ماڵەوەیان. 
 
بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو. لەو رووداوانەدا 445 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار ببوون، بەڵام ئاماری ساڵی 2023 بەردەست نییە.