مێرمنداڵێک لە کاتی لێکردنەوەی پۆستەری بەربژێرێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک، مێرمنداڵێک لەکاتی لێکردنەوەی پۆستەری بەربژێرێک، کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەستدەدات.
 
مەهران نێروەیى، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک بە رووداوی راگەیاند "شەوی رابردوو (15-10-2024) کەمێک بەر لە تەواوبوونی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ بەناوی محەممەد مەمێ بوزۆ لەکاتی لێکردنەوەی پۆستەری بەربژێرێک لەسەربانى ماڵى خۆیان بەهۆی ئەو ئاسنانەی بە پۆستەرەکەوە بوون، کارەبا دەیگرێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک، ئەو ماڵە پێشتر وەک پشتگیرییەک بۆ بەربژێرەکە، خۆیان پۆستەرەکەیان لەسەربانی خۆیان داناوە، شەوی رابردوو لە دواساتەکانی بانگەشە، محەممەد ویستوویەتی پۆستەرەکە لێبکاتەوە، بەڵام کارەبا گرتوویەتی، بنەماڵەکەشیان سکاڵایان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک تۆمار نەکردووە و رووداوەکە بە قەزا و قەدەر دەزانن.
 
لەدوا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ژمارەیەک کاسبکار بۆ سوودوەرگرتن و فرۆشتنەوەی ئاسنی پۆستەکان، دەستیان بە کۆکردنەوەی پۆستەرەکان کرد، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک دەڵێت "مەبەستی محەممەد لە لێکردنەوەی پۆستەرەکە، فرۆشتنی ئاسنەکەی نەبووە، تەنیا ویستوویەتی وەک پابەندییەک لەگەڵ تەواوبوونی بانگەشە پۆستەرەکە لێبکاتەوە، چونکە دوێنێ لەتەواوی ناحیەی قەسرۆک دوای تەواوبوونی کاتی بانگەشە، سەرجەم پۆستەرەکان لێکرانەوە."  
 
محەممەد مەمێ بوزۆ تەمەنی 16 ساڵ بوو، قوتابی پۆلی سێی بنەڕەتی بوو، دوای پشکنینی تەرمەکەی لە نەخۆشخانە، هەر لە ناحیەی قەسرۆک بەخاکسپێردرا.