دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت؛ ناونووسین بۆ وەرگرتنی کەپر دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
ناونووسین بۆ وەرگرتنی کەپر بۆ 10یەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد. گەشتوگوزاری شارەکە دەڵێت، بەرهەمی خۆماڵییش دەخەنەڕوو.
بڕیارە فێستیڤاڵی هەنار لە 31ی ئەم مانگە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە دەستپێبکات و تاوەکو 2ی مانگی داهاتوو بەردەوام بێت. لایەنێکی سەرەکیی ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەیە.
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوێنێوە ناونووسین بۆ وەرگرتنی کەپری شوێنی فرۆشتنی هەنار و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەستیپێکردووە و 3 رۆژ بەردەوام دەبێت".
هەناری هەڵەبجە و هەورامان، هەنگوینی ناوچەکە، دۆشاو، مێووژ، گوێزی هەورامان، خواردنە کوردەوارییەکان، بەرهەمە کولتوورییەکان و کارە دەستییەکانی خانمان لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ سەردانیکاران دەخرێنەڕوو.
هەورامان جەلال دەڵێت، "هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ باش بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کراوە."
لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 500 کەپر بۆ خاوەن باخ و بەشداربووانی دیکە ئامادە دەکرێت. جگە لە خەڵکی پارێزگاکە، هاونیشتمانیانی شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەتوانن داوای وەرگرتنی کەپر بکەن، بەڵام هەورامان جەلال دەڵێت، "خەڵکی سنوورەکەی خۆمان لەپێشینە دەبن."
ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 02ـی مانگی 11 دەستیپێکرد و 3 رۆژ بەردەوام بوو. بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکارییەکەی، لەو فێستیڤاڵەدا 270 هەزار هاووڵاتی بەشدارییان کرد و فرۆشی بەرهەمەکانیش بایی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار بوو.
هەمان فێستیڤاڵ ساڵی 2022 لە 24 و 25ـی مانگی 10 بەڕێوەچوو.
هەڵەبجە بە بە هەبوونی هەنار بەناوبانگە. لە 20 هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێندراو 9000ی لە سنووری هەڵەبجەیە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە 30 هەزار تۆن.