مێرمنداڵێکی 15 ساڵ لە قەسرۆک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

درەنگانی شەوی رابردوو، مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵی ناحیەی قەسرۆک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
 
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە مێرمنداڵەکە لەکاتی هەڵواسینی پۆستەری بەربژێرێک بە ستوونێکی کارەبادا، کارەبا گرتوویەتی، بەڵام مامی بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا نازانن رووداوەکە چۆن بووە.
 
خالید کۆچەر، مامی مێرمنداڵەکە گوتی، ئەوەندە دەزانن کە لەسەر باڵەخانەیەکی دوو نهۆمیی سەنتەری ناحیەی قەسرۆک برازاکەی کارەبا گرتوویەتی، بردوویانەتە نەخۆشخانەی شێخان، دواتریش بردوویانە بۆ نەخۆشخانەیەکی دهۆک، بەڵام پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
مامی مێرمنداڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دەزانن برازاکەی بە کارەبا گیانی لەدەستداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانن رووداوەکە چۆن بووە.
 
مێرمنداڵەکە ناوی محەممەدە، تەمەنی 15 ساڵە و نیشتەجێی ناحیەی قەسرۆک بووە، رووداوەکەش لە دەوروبەری کاژێر 12:00ی شەو روویداوە.