نازم دەباغ هۆشداری لەبارەی دووبارەبوونەوەی رێككەوتنی جەزائیر دەدات


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایدەگەیێنێت، ئێران بە شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی گوتووە، دەبێ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک دابماڵێنرێن، ئەگەرنا خۆیان ناچارن بێن و ئەوکارە بکەن. دەشڵێت: "دەبێت وریای دووبارەبوونەوەی رێککەوتنی جەزائیر بین".
 
رۆژ شەممە 15-10-2022 شاندێکی هاوبەشی عێراق و کوردستان بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی کوردستان لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئێران کۆبوونەوە.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات.
 
بە گوتەی نازم دەباغ، لەو کۆبوونەوەیەدا رێبەری ئەحمەد، سەرۆکی شاندی لیژنەی ئەمنیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگری لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کردووە و دەڵێت: "بە راستەوخۆ و راشکاوی بەرگرییان کردووە، ئەوەش کارێکی سەختە بۆ ئێمە نابێت، ئەم قسەیەش تەنیا ئەمجارە نەکراوە جارەکانی پێشوو هەر وایان گوتووە".
 
نازم دەباغ دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنی لیژنەی ئەمنیی هاوبەش تا ئەمڕۆ دانی بەوەدا نەناوە کە ئامادەبێت هێزەکان چەک بکات یاخود لە هەرێمی کوردستان دەریان بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە ئەو هێزانەی لەسەر سنوورەکان هەن بکشێنەوە یان بیانکێشنەوە. چونکە وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران لە دیدارێکدا ئاماژەی پێداوە دەڵێت، 'ئێوە نەیکەن.. ئێمە دەیکەین' ".
 
بە بڕوای نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، "بۆ ئەوەی رێگە لە هێرشی زەوینی ئێران بگرین، دەبێت ئەو پاساوانە کەمبکەینەوە. ئومێدیش دەکەم ئەو لایەنانە هەست بەو مەترسییە بکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە".
 
نازام دەباغ پێیوایە، پێویستە وریای دووبارەبوونەوەی رێککەوتنی جەزائیر بن و دەڵێت: "ئەمڕۆ کێشەکە کەوتووەتە ناو سیاسەتی دەرەوەی عێراق، لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق دێت و سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات بەبەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئاگامان لەوە بێت عێراق ئاسانتر لەگەڵ ئێران رێکدەکەوێت نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەبێت وریای دووبارەبوونەوەی رێککەوتنی جەزائیر بین".
 
رێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975 لەنێوان سەدام حوسێن، جێگری ئەو کاتی سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد رەزا شا، دوایین شای ئێران واژۆکرا. بەپێی رێککەوتنەکە ئێران دەستوەردانی لە کاروباری نێوخۆی عێراق رادەگرت، بەو پێیەش لە دوای ئەو وادەیە پاڵپشتیی لە پارتی دیموکراتی کوردستان نەدەکرد. لە بەرامبەریشدا عێراق رێگەی بە ئێران دەدا بەشێک لە شەتولعەرەب وەکو رێڕەوی بارزگانی بەکاربهێنێت.
 
ئەمجارە لایەنی ئێرانی رژدترە لەسەر دەرکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان و چەککردنیان و دەشڵێت: "سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران و وەزیری دەرەوە بۆ یەکەمجارە لە کۆبوونەوەیەکی وا بەشدار دەبن، بەڵام ئەوەی کە کاک رێبەر گوتوویەتی و جەختی لێ کراوەتەوە، ئەوەی هەستی پێدەکرێت رەنگە بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەو کارانەی ئەگەر بێت و بەردەوام بن لە سنوورەکان، من بەداخەوە کە دەیڵێم چاوەڕوانی هەڵوێستی تووند بن".