سەرۆکی زانکۆی سۆران: لە پێنج بەشی زانکۆکەمان کەمتر لە 10 قوتابی وەرگیراون


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی زانکۆی سۆران دەڵێ، ئەمساڵ بەشەکانی ئەندازیاری و پەروەردە و زمانی ئینگلیزی زۆرترین خواستیان لەسەربووە. دەشڵێ: "پێنج بەشی زانکۆی سۆران کەمتر لە 10 قوتابییان بۆ هاتووە. لە بەشی کۆمەڵناسی بەیانیان تەنیا یەک قوتابی وەرگیراوە." 
 
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022، د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران میوانی بوولتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشیکرد و رایگەیاند: "ئەمساڵ لە زانکۆی سۆران، بە هەر سێ سیستمی زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران، هەزار و 179 قوتابیمان وەرگرتووە؛ زۆرترین خواستیش لەسەر ئەو بەشانە بوون کە دواتر لە بازاڕ کاریان دەست دەکەوێت." 
 
د. شێروان شەریف گوتی: "بەشەکانی ئەندازیاریی شارستانی، پەروەردە و زمانی ئینگلیزی، زۆرترین خواستیان لەسەربووە. بەشی کۆمەڵناسی بەیانیان تەنیا یەک قوتابی وەرگرتووە، دەروونناسی نۆ قوتابی و لە بەشی زانست پێنج قوتابی وەرگیراون؛ بەگشتی پێنج بەشی زانکۆی سۆران کەمتر لە 10 قوتابییان بۆ هاتووە."  
 
وەک سەرۆکی زانکۆی سۆران دەڵێت: "بەپێی رێنماییەکان ئەگەر بەشێکی زانکۆ ژمارەی قوتابییانی لە رێژەیەکی دیاریکراو کەمتربێت، ناتوانێ ئەو بەشە بەردەوامبێت، بۆیە دەبێ لەمەودوا بە پلانێکی تۆکمە وەرگرتنی قوتابییان گەنگەشەبکرێت و رەچاوی ئەوە بکرێت کە لە چ بەشێک پێویستمان بە دەرچوو دەبێت و کام بەشە لە بازاڕی کار پێویستە یاخود کام بەشە پێویستە قوتابی کەمتری بۆ وەربگیرێت." 
 
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ 36 هەزار و 980 دەرچووی 12 ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە کە لەو ژمارەیە 25 هەزار و 976 قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و هەموویان وەرگیراون." 
 
د. شێروان شەریف پێیوایە، دەبێ زانکۆکان بەگوێرەی پێویستیی کۆمەڵگە لە بەشەکانی زانکۆ قوتابی وەربگرن. دەشڵێ: "لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو هەندێک لە بەشەکانی زانکۆ بۆ ماوەی چەند ساڵێک دادەخرێن، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە پێویستی پێی نییە، بۆیە لە کوردستانیش دەبێ بە جیددیتر و بە پلانی تۆکمەتر زیادکردنی بەشەکان یان تێکەڵکردن و تەنانەت لە داخستنیشیان بڕوانرێت." 
 
ئەمساڵ بەکۆی گشتی 44 هەزار و 408 قوتابی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون. لەو ژمارەیە 27 هەزار و 728 دەرچووی ساڵی 2022ن، هاوکات نۆ هەزار و 352 دەرچووی ساڵی 2021 وەرگیراون و حەوت هەزار و 326 کەسیش دەرچووی ساڵانی رابردوو بوون و ئەمساڵ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون. 
 
سەرۆکی زانکۆی سۆران دووپاتیدەکاتەوە: "بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەو قوتابییانەی لە زانکۆی سۆران دەردەچن، ئەوانەی دەرچووی بەشی ئەندازیاری و پەروەردەن، زیاتر لە نیوەیان دوای تەواوکردنی خوێندن لە کەرتی تایبەت کاریان دەستکەوتووە."