مەسرور بارزانی: دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە

رووداو دیجیتاڵ

 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بە نائاسایی ناودەبات و رایدەگەیێنێت، ئەو دۆخە جێگەی قبوڵکردن نییە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 16-10-2020 لە ساڵیادی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دۆخە نائاساییەی کە لە ئەنجامی خیانەتی خاکفرۆشانەوە، لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە هاتە ئاراوە، جێگەی قبوڵکردن نییە". 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند "هەرگیز زامی خیانەتی خاکفرۆشانمان بیر ناچێتەوە. بەڵام لە خیانەت بە زامتر ئەوەیە، کە گەل خیانەتکار سزا نەدات".
 
رۆژی 16 ی ئۆکتۆبەر کاتێک حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کەرکووک و دەوروبەری، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییان کرد، بەڵام دواتر پێشمەرگە لە زۆربەی میحوەرەکان پاشەکشەی کرد و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە بەهۆی پێکدادانەکانی 16 ی مانگ و رۆژانی دواتر لە پردێ و زوممار و ناوچەکانی دیکە، 60 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 150 پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.