پێشبینی بارینی 'تاوە باران' لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی پێنج پلە دادەبەزێت. کەشناسێک دەڵێت، هەینی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان تاوەباران دەبارێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلەی دیکە دادەبەزێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "به‌هۆی هاتنی هه‌ور له ‌باكووری كوردستانەوە، كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌ریای ره‌شه، پێشبینی دەکرێت 20ی ئەم مانگە لە سەنتەری شارەکانی دهۆک، زاخۆ، سۆران، بارزان و ئاکرێ، تاوەباران و هەورە برووسکەی کەم مەودا هەبێت."
 
ئەو کەشناسە گوتی، هەمان کات رێژەی تاوەباران و هەورە برووسکەی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک زیاتر دەبێت لەو شارانەی بارانیان تێدا دەبارێت.
 
محەممەد کەمال گوتی، "بەهۆی گۆڕانی خێرای کەشوهەواوە ئەگەری گۆڕانکاری هەیە. بەگشتیش پلەی گەرما رۆژانە بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 35 پلەی سیلیزی
دهۆک: 34 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە:  36 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 24 پلەی سیلیزی
سۆران: 35  پلەی سیلیزی
گەرمیان: 38 پلەی سیلیزی