وردەکاریی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاونیشتمانییانی ئاکرێ و بەردەڕەش
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆیشتە ئاکرێ، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی لە هۆڵی رۆشنبیریی قەزاکە بوون و لەوێ لەگەڵ هاونیشتمانییان کۆبووەوە. سەردانەکە یەکێک بوو لە وێستگەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سنووری پارێزگای دهۆک.
لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، سەرەتا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی قەزاکانی بەردەڕەش و ئاکرێ کۆبووەوە و نزیکەی کاژێرێکی خایاند.
یەکێک لەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، باوکی شەهیدێک بوو کە بە گرنگییەوە باسی دەکات. حەسەن سەلیم نەعمان گوتی: "یەکەم جارە لەم کۆبوونەوانە بەشدار بم، باوکی شەهیدم، هاتم کە گوتیان [سەرۆکی هەرێمی کوردستان] هاتووە، گوتم بەخودا دەچم تاوەکو بیبینم، باش بوو بینیم و چوومە لای و وێنەشم لەگەڵی گرت، [لە کۆبوونەوەکەدا] باسی هەڵبژاردن و دەنگدان و ئەو شتانە کران."
رێژین کچی شەهیدێکە لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ قەزاکەیان بە رووداوی گوت: "راستی شتی گرنگ باسکران، بە تایبەت بارودۆخی ئێستای کوردستان، عێراق گوشارێکی گەورە لە کوردستان دەکات بە تایبەت خەڵک عەزێت دەدەن و مووچە نادەن، سەرۆک ئاماژەی بەوەکرد کە ئینشاڵڵا ئەو بارودۆخە نامێنێت."
ئیبراهیم مەلا ناڤخۆش، کادرێکی پارتییە لە سنوورەکە و دەڵێت: "سەردانی ئەو جێگەی دڵخۆشی بوو، ئەو ئاگادار بوو لە هەموو کێشە و کەموکورتییەکانی ناوچەکە، هەموویان باسکران و بە سنگێکی فراوان بۆچوونی هەموو خەڵکی ئێمەی وەرگرت، بەڕێزیان بەڵێنیشی دا کە هەر شتێک کە بتوانن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی ناوچەکەی بکات
سێ رۆژە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوە و دیداری هەبوون.
هۆکاری سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بینین و پەیوەندییەکی نزیک بوو لەگەڵ خەڵکی دەڤەری بادینان، بۆ جەختکردنەوە بوو لەوەی کە دەنگی جەماوەر گرنگە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکییەکی رووحی و خۆشەویستی لەنێوان بەڕێزیان و خەڵکی بادینان دا هەیە، هەموو چین و توێژەکان بە تایبەت لەگەڵ کادرە حیزبییەکان گفتوگۆیەکی جدی کران، بەڕێزیان باوەڕیان وایە بۆ سەرکەوتنی کوردستان پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا ئامانجی هەمووان یەک بێت. چونکە ئەم هەڵبژاردنە بە سەرکەوتووی بەڕێوەبچێت، کوردستان تێیدا سەرکەوتوو دەبێت."
نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی سەردانە سێ رۆژەکەیدا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە "بانگەشەی هەڵبژاردن گرنگە بە ئاشتی و ئارامی بکرێ، هەرێمی کوردستان چەترێکە بۆ هەموو لایەنێکی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە ئارامیی کۆمەڵایەتیی و سیاسی."