ئاوی بەحرکە: 9 بیری ئاو بە تەواوی وشکیان کردووە و ئاستی ئاویش زۆر دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە رایدەگەیێنێت، نۆ بیری ئاو لە سنوورەکەیاندا وشکیان کردووە و 20 بیری جێگرەوەش هەڵکەندراون. دەشڵێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە جۆرێک دابەزیوە، ئێستا بیرەکانیان 550 مەتر قووڵ دەکەن.
 
محەممەد حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، تێیدا باسی گرفتەکانی کەمئاوی و سێکتەری ئاوی سنوورەکە کرا و گوتی، لە ناوەندی ناحیەی بەحرکە و نۆ گوند کە دەکەوێتە سنووری کاری فەرمانگەکەیانەوە، 100 بیری ئیرتیوازییان هەیە.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە گوتیشی، لە دەوروبەری ناحیەکە دۆخی بیرەکان باشە، بەڵام لەناو ناحیەکە ئاستی ئاو زۆر دابەزیوە، "جاران بیرەکان 200 مەتر بوون، بەڵام ئێستا 550 مەتر لێدەدرێت و هێشتا ئەو رێژە ئاوەی دابینی دەکات بەگوێرەی ستاندارد نییە و 40 گاڵۆن ئاوە لە خولەکێکدا، لە کاتێکدا دەبێت 100 گاڵۆن بێت."
 
ناحیەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر یەکێکە لەو شوێنانەی زۆرترین کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەویی لەسەرە، بە جۆرێک لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە 360 مەتر دابەزیوە.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە گوتی، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا 20 بیری جێگرەوەمان هەڵکەندووە و شوێنمان هەن سێ بیری دیکەی بۆ هەڵکەندراوە، هاوکات نۆ بیریش لە ناوەندی ناحییەکە بە تەواوی وشكیان کردووە، ئەم ساڵیش 2000 مەتر تۆڕی ئاومان گۆڕیوە و نوێکراونەتەوە.
 
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی هەولێر ئێستا کار لەسەر دروستکردنی بەربەستێک بۆ گلدانەوەی لافاو و باراناو دەکات لە سنووری بەحرکە. محەممەد حوسێن دەڵێت، ئەو بەربەست و گۆم و پۆندانە رۆڵی باشیان دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
 
لەبارەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ بیرەکانیان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە دەڵێت، "نزیکەی 50 بیرمان هەردوو سەرچاوەی کارەبای موەلیدە و نیشتمانییان هەیە، بەڵام گرفتی کارەبای بەردەواممان هەیە، چونکە ئەو کارەبایەی دەدرێتە بیرەکان نزیکەی 12 کاژێرە، بەڵام ئەگەر 20 کاژێر کەمتر کارەبامان پێبدرێت گرفتمان بۆ دروست دەبێت."
 
سەبارەت بە دابینکردن و گەیاندنی ئاو بۆ ئەو گەڕەکانەی بیرەکانیان وشکی کردووە، محەممەد حوسێن دەڵیت، لە رێگەی دوو تانکەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو رۆژانە 12 کاروان ئاو بۆ ئەو گەڕەکانە دابین دەکەن کە بیرەکانیان وشکی کردووە، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەفتەی دوو رۆژ لە رێگەی 4 تانکەرەوە 32 کاروان ئاوی بۆ سنوورەکە دابین دەکرد.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە دەشڵێت، "نزیکەی 10 هەزار هاوبەشی ئاومان هەن کە نیوەیان پێوەری ئاویان بەستووە، داواکارم لە هاونیشتمانیان سوود لەو وادەیە وەربگرن بۆ داشکاندن بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە."