گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر بەرهەمی هەنجیری هەڵشۆ هەبووە؛ '50% کەمی کردووە'

 
رووداو - هەڵشۆ

ساڵانە نزیکەی 200 تۆن هەنجیر لە شارۆچکەی هەڵشۆ بەرهەم دەهێندرێت، گەورەیی قەبارەی هەنجیرەکە و تام و چێژەکەی ئەو تایبەتمەندییانەن کە لە هەنجیری شوێنەکانی دیکەی جیادەکاتەوە.
 
ئەسعەد جووتیارە و زیاتر لە 20 ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی هەنجیر دەکات. باخەکەشی گەورەترین باخی گوندەکەیەتی و زیاتر لە چوار دۆنمە؛ ئەو دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەریی لەسەر بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیر هەبووە، لەچاو پار ساڵدا 50% کەمی کردووە.
 
ئەسعەد عومەر، جووتیار دەڵێت، "هەر لە بەهاردا ئەمساڵ بەرەکەی هەڵوەری، کرم لێی دا، رەش دەبوو و هەڵدەوەری، ئێستا دەتەقێت، مێشوولە لێی دەدات و دەتەقێت، دەنا هەنجیری هەڵشۆ یەکەمە."
 
ئیبراهیم عەبدوڵڵا، جووتیار ئاماژەی بەوە کرد، "رەشەبا کاریگەریی زۆرە لەسەری، لایەکی رەش دەکات و هەڵدەوەرێت."
 
لە هەڵشۆ بەزۆری یەک جۆری هەنجیر بەرهەم دەهێندرێت، ئەویش هەنجیری زەردە، بەپیتی خاک و سەرچاوەی ئاوی هەڵشۆ هۆکاری سەرەکیی باشیی بەرهەمی هەنجیری شارۆچکەکەن.
 
بارزان عەبدوڵڵا، کڕیاری هەنجیر دەڵێت، "لەم سنوورە ساغ نابێتەوە، ئەگەر کارگەیەکی وشککردنەوەی هەنجیر هەبێت، ئێمەش ئەو رێگە دوورە نابڕین، لەبری هەناردەکردنی دەتوانین هەنجیری خۆمان هەبێت."
 
زیاتر لە 70 دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەڵشۆ، باخی هەنجیرن، خاوەن باخەکان هەنجیرەکانیان لەسەر قەپان کیلۆی بە 700 تاوەکو 1000 دینار دەفرۆشن و لەوێشەوە رەوانەی عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی دەکرێت.