لە سەیدسادق کچێک تەقە لە دادگە دەکات و دەستگیردەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای سەیدسادق رایگەیاند، کاژیر 6ـی بەیانی ئەمڕۆ خوشکی ئەو کەسەی پێش کەمتر لە دوو هەفتە تەقەی لە پۆلیس و ئاسایشی قەرەداخ کرد و بەهۆیەوە هەشت کەسی بریندارکرد، تەقەی لە باڵەخانەی دادگەی سەیدسادق کرد و ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سەیدسادقەوە دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەکرێت.
 
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوولی 2022، دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەوروبەری کاژێر 6ـی بەیانی ئەمڕۆ کچێکی تەمەن 20 ساڵان بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لە باڵەخانەی دادگەی سەیدسادق کرد و دواتر بەنێو کۆڵانەکاندا تەقەی کرد، بەڵام هیچ کەسێک بەهۆی گوللـەکانەوە بریندارنەبوو."
 
دیاری رەفیق گوتی، کچەکە خوشکی ئەو تۆمەتبارەیە رۆژی 4ـی ئەیلوول تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش کرد و دواتر دەستگیرکرا. قایمقامی قەزای سەیدسادق رەتیکردەوە ئەو کچە نارنجۆکی هەڵدابێتە نێو باڵەخانەی دادگەوە و گوتی:"کچەکە بۆ تەقەکردن لە ئاسایش و هێرشکردنە سەر بینای ئاسایش رۆیشتووە، بەڵام لێی تێکچووە و تەقەی لە دادگە کرد، چونکە باڵەخانەکان لە نزیکی یەکدین؛ کچەکە بەتەنیا بووە و ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە 4ـی ئەیلوولی 2022، یاسین عەبدولسەمیع، گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە قەرەداخ هێزەکانی ئاسایش کاتێک هەوڵیاندا ماتۆڕسکیلێک کە دەموچاوی هەڵپێچرابوو، رابگرن بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن، کەسەکە رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەوە و دواتر هەڵات و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی قەرەداخ لە ماڵێکدا هەوڵی خۆشاردنەوەی دا."
 
گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی گوتی: "هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەوڵێکی زۆریان دا کەسەکە خۆی رادەستبکات، بەڵام ئەو کەسە بە مەبەستی کوشتن چووبووە ناوچەکە و بە نارنجۆک پەلاماری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی دایەوە و دواتر بە دەمانچە تەقەی کرد و بەهۆیەوە سێ کارمەندی هێزەکانی ئاسایش و چوار کارمەندی هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتییەک بریندار بوون."
 
یاسین عەبدولسەمیع گوتیشی: "دوای هەوڵدانێکی زۆری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بۆئەوەی بە زیندوویی بگیرێت، تیرۆریستەکە خۆی بەدەستەوە نەدا و لەلایەن هێزەکانەوە کوژرا."