دوای چەندین ساڵ لە لەکارکەوتنی، ئاشێکی ئاو لە هەورامان بەکاردەخرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تاقانە ئاشە ئاوەکەى گوندى سەرگەت لە هەورامان، دواى سەدەیەک لە دروستبوونى و چەندین ساڵ لە راگیرانی، دووبارە کەوتەوە هەڵسووڕان. ئاشەکە لەسەر ئەرکی حاجى تاهیر و لەسەر دەستى چەند وەستایەکى رۆژهەڵاتى کوردستان لە هەمان شوێنى پێشتر دروستکراوەتە، گەنجێکى رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەرکى کارپێکردنى لە ئەستۆ گرتووە.
ئەنسار محەممەد ئەمین، سەرپەرشتیارى ئاشى ئاوى سەرگەتە، دەڵێت، "ئەم ئاشە بە هێزى ئاوەکە کار دەکات کە لە بۆرییەکى شەش مەترییەوە بۆى بەردەدرێتەوە و وادەکات پەروانەکان بسووڕێنەوە، بە سووڕانەوەى پەروانەکانیش، لە بەشى سەرەوەى ئاشەکە، دەستاڕە بەردینەکان دەخولێنەوە و دەتوانن گەنم بکەنە ئارد یان ساوەر."
پێشتر لە سنوورى هەورامان، لە هەشت گوند ئاشى ئاو هەبوو، بە تەنیا لە سەرگەت دوو دانە، بەڵام داهێنانی ئاشى نوێ و کەمبوونەوەى ئاو، ئێستا هەر ئەو یەک دانەیەى هێشتووەتەوە.
ساحێب محەممەد، دانیشتووى گوندى سەرگەتە، دەڵێت: پێشتر سەرگەت ئاوى زۆرى هەبوو، هەورامان زۆر گوندى ئاشى لێبوون، ببووە هۆکارى پەیوەندیی کۆمەڵایەتى و تێکەڵاوى، هەندێکجار خاوەنى ئاشەکان خۆیان دەچوون گەنمیان کۆدەکردەوە، دەیانهاڕى و بۆ خەڵکیشیان دەبردەوە، لە بەرامبەردا بۆ هەر تەنەکە گەنمێک جامێک گەنمیان وەردەگرت لەبری کرێى هاڕینەکە.
حاجى تاهیر کە ئەرکى دروستکردنەوەى ئاشەکە و خانوویەکى کەلەپووریشى لە ئەستۆ گرتووە، ئامانجى پاراستنى کولتوور و کەلەپوورى دێرینى کوردستان و هەورامانە بۆ نەوەى سەدەى بیست و یەک، ئەگینا دڵنیایە نە ئاشى ئاو وەک جاران دڵخوازى هەیە، نە دەشتواندرێت وەک پیشە و بژێوى پشتى پێ ببەسترێت.