ئێران بۆ دووەمجار ئاوی زێی بچووکی گرتەوە؛ سەرچاوەی ئاوی 100 هەزار کەسە لە قەڵادزێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، بۆ دووەمجار لە ئەمساڵدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، کە سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەسە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئابی 2023، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "سێ رۆژە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بەنداوەی لەسەر ئاوەکە دروستیکردووە."
ئەمساڵ ئەمە دووەمجارە ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک لە قەڵادزی دەگرێتەوە، یەکەمجار رۆژی 25ـی حوزەیران گرتییەوە. سەلام عومەر دەڵێت، "جاری پێشوو پێنج رۆژ ئاوەکەی گرتەوە، هاوئاهەنگیمان نییە و ئەویش بەگوێرەی پێویستیی خۆی هەرکات بیەوێت ئاوەکە دەگرێتەوە.".
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم رۆژ کە ئێران ئاوەکەی گرتووەتەوە نەیانتوانیوە ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان دابینبکەن، بەڵام ئەمڕۆ و دوێنێ توانیویانە بە نیوەی پێشتر، ئاوی خاوێن بدەنە هاونیشتمانیان.
سەلام عومەر دەڵێت، لە ساڵی 2017ـەوە بەهۆی دروستکردنی بەنداوێک لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام رووبەڕووی ئەو کێشە دەبنەوە. گوتیشی، "بڕیاربوو بەنداوی دەگەڵە دروستبکرێت کە چارەسەری کەمئاوی لە تەواوی ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیش دەکات، بەڵام تائێستا هەر بڕیارە و جێبەجێ نەکراوە، چونکە بودجەیەکی زۆری دەوێت."
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
ساڵی رابردووش بە هەمانشێوە، رۆژی 25ـی ئاب، ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتەوە.