بەشداربوویەکی ئەپلیکەیشنی زێد میدیا: خەڵک هەبووە خانوو و زێڕی فرۆشتووە و پارەکەی لەدەستچووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەپلیکەیشنی زێد میدیا کە ملیۆنان دۆلاری خەڵکی تێدایە داخرا، لە هەرێمی کوردستانیش دەیان هەزار بەشداربووی هەبوو و زیاتر لە 10 ملیۆن دیناریان لەدەستچووە. بەشداربوویەک دەڵێت: خەڵک هەبووە زێڕی هاوژینەکەی فرۆشتووە، هەشبووە خانووەکەی فرۆشتووە و بەشداریی لە ئەپلیکەیشنەکەدا کردووە.
زێد میدیا ئەپلیکەیشنێک بوو خەڵک بۆ قازانج پارەی تێدا دادەنا، بەڵام تاوەکو ئێستا خاوەنی ئەپلیکەیشنەکە نەناسراوە و ئەوانەی بەشدارییان تێداکردووە دەڵێن، تەنانەت گوێیان لە دەنگی بەڕێوەبەرانی ئەپلیکەیشنەکە نەبووە، تەنیا بە نامەی نووسراو قسەیان لەگەڵدا کردوون.
لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی ئەو پرسە کرا، رێباز عەبدولحەمید، عیماد حوسێن و ئیڤان ئەحمەد کە بەشداربووی ئەپلیکەیشنەکە بوون و زیانیان بەرکەوتووە بەشداربوون. هاوکات کاردۆ کەمال، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانیش بەشداربوو.
رێباز عەبدولحەمید باسی لەوە کرد، لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ ئەو لە رێگەی یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشنای ئەپلیکەیشنەکە بووە، بەشداریکردنیشی بۆ ئەوە بوو کە "چاوم لە قازانجی زۆربوو." دەڵێت، سەرەتا بە دوو هەزار و 500 دۆلار بەشداریی کردووە و رۆژانە 105 دۆلاری وەرگرتووەتەوە.
بە گوتەی ئەو بەشداربووە، دانانی ئەو بڕە پارەیە وەکو بارمتە بووە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێک کاریان لەگەڵدا بکات، واتە وەکو گرێبەست بووە.
وەکو بەڕێوەبەرانی ئەو ئەپلیکەیشنە بە بەشداربووەکانیان گوتووە، کۆمپانیای زێد هۆڵدینگ لە ساڵی 2011ـەوە دامەزراوە. لە مانگی شوباتی 2022یشەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە وەرگرتنی پارە لە خەڵک کردووە.
ئەو گەنجە کە دانیشتووی هەولێرە، دەڵێت، "خەڵکێک هەیە خانوو، زێڕ و ماتۆڕسکیلی فرۆشتووە و بەشداری لە زێد میدیا کردووە،" دەشڵێت، شۆک نەبووە بە داخرانی ئەپلیکەیشنەکە، چونکە چاوەڕوانی ئەوەیان کردووە.
عیماد حوسێن، یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی بەرنامەکە، دەڵێت، "بە بیانووی بەهێزکردنی سیستمەکە و زیادبوونی ئەندامانی گرووپ، ئەپلیکەیشنەکە داخراوە. من لە رۆژی هەینی رابردوو هاوڕێکانم ئاگادارکردەوە کە پارە داخڵی ئەپلیکەیشنی زێد میدیا نەکەن."
عیماد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی سەرەتای کارەکە بەشداریی ئەپلیکەیشنی زێد میدیایان کردووە، قازانجیان کردووە، ئەپلیکەیشنەکەش کاردەکات، بەڵام بەشداربووانی ناتوانن پارە رابکێشن.
ئیڤان ئەحمەدیش بەشداربوویەکی دیکە بوو، گوتی، لە سەرەتای مانگی ئاب بە پێنج هەزار دۆلار بەشداریی ئەپلیکەیشنەکەی کردووە، بەڵام توانیویەتی تەنیا دوو هەزار و 300 دۆلار وەربگرێتەوە، رۆژانەش 230 دۆلاری وەرگرتووەتەوە.
بە گوتەی ئیڤان ئەحمەد، بەرپرسەکانی خۆیان پێیان گوتوون تاوەکو ساڵێک قازانج دەکەن و دواتر ئەپلیکەیشنی زێد میدیا دادەخرێت
کاردۆ کەمال، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانیش رایگەیاند، 80%ـی بەشداربووان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەپلیکەیشنی زێد میدیا نییە، کاتێکیش بەشدار دەبن لە کۆمپانیایەک یان ئەپلیکەیشنێک بۆ ئەوەی بزانن راستەقینەیە، دەبێت بەشداربووانی کۆمپانیاکە کە ئەپڵیکەیشنەکەی هەیە لە مۆڵەتەکەی بپێچنەوە.