پۆلیسی راپەڕین تەرمی منداڵێکی هەشت ساڵان بە کوژراوی لە چیایەک دەدۆزێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کەسێک بە "فێڵی" شت کڕین منداڵێکی بردووەتە دەرەوە، لێکۆڵێنەوەیان دەستپێکردووە و ئاشکرایان کردووە، کەسەکە منداڵەکەی کوشتووە. 
 
پۆلیس دەڵێت، تەرمی منداڵەکە لە چیای هەنجیرە دۆزراوەتەوە و لەنزیکی "موشار"ـێک دۆزراوەتەوە، تۆمەتبارەکەش دەستگیرکراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، دوێنێ 15ـی تەمموز، هاووڵاتییەکی "سووری" سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کردووە و سکاڵای دژی کەسێکی نەناسراو تۆمارکردووە و گوتوویەتی: بەفێڵی شتکڕین، کوڕە هەشت ساڵانەکەی لەماڵ بردووەتە دەرەوە و دواتر نەگەڕاوەتەوە.
 
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، دوای بەدواداچوون "توانرا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت و تۆمەتبارەکە دۆزرایەوە و دەستگیرکرا؛ کە تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی رانیەیە". 
 
پۆلیسی راپەڕین دەڵێ "بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە لە رووی دەروونییەوە ناجێگیرە و دوای لێکۆڵینەوە، دانیناوە بەتاوانەکەیدا و گوتوویەتی بە فێڵی شت کڕین منداڵە هەشت ساڵانەکەی بردووە بۆ شاخ لە نزیک شاخی هەنجیرە و بە چەقۆ کوشتوویەتی".
 
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، دوای پێکهێنانی لیژنەیەک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-7-2023) تەرمی منداڵەکەیان لە شاخ دۆزیوەتەوە و لەنزیک تەرمەکەشییەوە، "موشارێک"ـیان دۆزیوەتەوە.
 
تەرمی منداڵەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە و تۆمەتبارەکەش بەگوێرەی مادەی 406 راگیراوە.