رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لێزمەباران چوار پارێزگای باکووری کوردستان بگرێتەوە. راشیگەیاند "لێزمەبارانەکە دوو رۆژ دەخایێنێت و پلەی گەرماش دادەبەزێت."
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پێشبینییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024ی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا لێزمەباران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە نەخشەی کەشوهەوای چوار پارێزگای باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە پارێزگاکانی ئاگری، ئیدر، قەرس و ئەردەخان لێزمەباران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاند، لەم چوار پارێزگایەی باکووری کوردستاندا، کە تێکڕای پلەی گەرما لەنێوان 29-33 پلەیە، بەهۆی لێزمەبارانەوە 2-3 پلەی گەرما دادەبەزێت و خێرایی با لەنێوان 50 - 60 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
لە پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستاندا پلەی گەرما لەنێوان 35 - 40 پلەیە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، ئەمڕۆ تەواوی رۆژ لەم پارێزگایانە لێزمەباران بەردەوام دەبێت و شەپۆلەکەش دوو رۆژ دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ