ژمارەیەک پۆلیس و پاسەوانی دەروازەیەکی گەڤەر دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان 31 کەس بە تۆمەتی بەرتیل و قاچاخچێتی دەستبەسەرکران.
ئەو 31 کەسە، کە حەوت پۆلیس و هەشت پاسەوانی گومرگیان تێدایە، لە دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە فەرمانبەر بوون، رۆژی پێنجشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2023 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە ناونیشانی "ئەسەندەرە-1" دەستبەسەرکراون.
تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای جۆلەمێرگـن لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی گەڤەر هەڵیانکوتایە سەر 37 ناونیشان و 31 داواکراویان دەستبەسەرکردووە و لە پشکنینی ناونیشانەکانیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێكی زۆر لیرەی تورکی و دراوی بیانی.
پارێزگای جۆلەمێرگ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاژێر 06:30 خولەکی رۆژی 15-06-2023 لە ئۆپەراسیۆنێکدا 31 داواکراو دەستبەسەرکراون و هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرکردنی 6 داواکراوەکەی دیکە بەردەوامە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە ئەو 31 کەسەی دەستبەسەرکراون، بە تۆمەتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراو بە ئامانجی تاوانکاری، بەرتیل، بە قاچاخبردنی کۆچبەران، ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و سەرپێچی دەستبەسەر کراون.