بەڕێوەبەری حەج و عومرە: باشترین شوێن و خزمەتگوزاریمان بۆ حاجییانمان دابین کردووە


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەمین کاروانی حاجییان لە پارێزگای هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێبکەون، بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەولێریش دەڵێت، باشترین و شوێن و خزمەتگوازارییان بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: بڕیارە کاژێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-06-2022، یەکەم کاروانی حاجییان لە پارێزگای هەولێر بەڕێبکرێت و ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە، لە پارێزگای سلێمانیش بڕیارە کاژێر 3:10ـی دوای نیوەڕۆ یەکەم کاروانی حاجییان بەڕێبکرێت.
 
ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 2120 حاجی بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، گەشتی سعودیە دەکەن.
 
لەبارەی ئامادەکارییەکان هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی پارێزگای هەولێر بە رووداوی رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەم کاروان کە لە 330 حاجی پێکهاتوون لە پارێزگای هەولێرەوە بەڕێدەکەون، لە کاژێر 6ـی ئێوارە فڕۆکەکەیان دەفڕێت، بەڵام بۆ کارئاسانیی حاجییەکانمان لە مزگەوتی سەوافی شاری هەولێر کۆکردووەتەوە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردووە ئەوان پاسی تایبەتی فڕۆکەخانە دەنێرن، هەموو رێکارەکانیان بۆ جێبەجێدەکرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە بگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".
 
بەگوتەی هەڵگورد عەبدولسەمەد، وەکو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی "ئەمساڵ پلانێکی چڕمان داناوە، بۆ مانەوەی شوێنی حاجییان باشترین هۆتێلمان گرتووە، رەچاوی نزیکیمان کردووە، حاجییانی کوردستان حەز دەکەن لە حەرەم نزیک بن. هەروەها شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە تیمێکی 10 کەسی پێکهاتوون یاوەری حاجییانی هەرێمی کوردستان دەبن، لەوێش نۆرینگەیەکی تایبەتمان لە شاری مەککە هەر لەنێو هۆتێلەکە بۆ دابینکردوون بۆئەوەی چاودێری تەندروستیان بکەن. بۆ خۆراکیش هەر وڵاتێک شێوازی تایبەتی خۆی هەیە لە ئامادەکردنی خواردن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەش شێفێکی تایبەتمان داناوە، ئەمڕۆ لەگەڵ حاجییەکان گەشت دەکات، لەگەڵ ئەو خواردنگەیەی کە وەزارەتی ئەوقاف گرێبەستی لەگەڵ کردووە ئەو سەرپەرشتی تام و بۆن و بەرامی خواردنە کوردییەکان دەکات".
 
سەبارەت بە جیاوازیی تێچووی گەشتەکە کە لە عێراق 4200 دۆلارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 4700 دۆلارە، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەولێر گوتی: "ئێمە خزمەتگوزاری زیاترمان پێشکێش بە حاجییان کردووە، شوێنی حەوانەوەیان نزیکە لە حەرەمی پیرۆزی مەککە، بەڵام حاجییانی عێراق شوێنەکانیان دوورترە، ئێمە سێ ژەم خواردن بۆ حاجییان دابین دەکەین، بەڵام ئەوان دوو ژەم، عێراق لێرە دەرمان لەگەڵ خۆی دەبات، بەڵام ئێمە باشترین دەرمانمان لەوێ بۆ دەستەبەر کردوون".