پێشانگەی تەکنەلۆژیی هایتێکس لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پێشانگەی تەکنەلۆژیا بەناوی HITEX لە هەولێر بەهاوبەشی رێکخراوی روانگە و سپۆنسەری میدیایی رووداو لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
 
لە میانی بەڕێوەچوونی پێشانگەکە کۆنفرانسی هایتێکس بەڕێوەدەچێت کە پێنج پانێڵ لەخۆدەگرێت. هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 16-6-2021 دووەم خولی پێشانگەی هایتێکس لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت، ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە بەڕێوەنەچوو، ئەمساڵ جیاوازییەکەی ئەوەیە رێکخەرانی پێشانگاکە چەند بیرۆکەیەکی نوێیان داناوە بۆ ئەوەی پێشانگەکە تەنیا نمایشکردنی هەندێک کاڵا و کەلوپەل یاخود هەندێ براند نەبێت کە لە پێشانگاکەدا بەشدارن، کە نزیکەی 100 براند و 70 نوێنەرایەتی و کۆمپانیای تێدا بەشدارن.
 
لە میانی بەڕێوەچوونی پێشانگەکە کۆنفرانسی هایتێکس بەڕێوەدەچێت کە پێنج پانێڵ لەخۆدەگرێت و ناونیشانی پانێلەکانیش بریتین لە: (بە دیجیتاڵ کردنی حکومەت: ناسنامەی دیجیتاڵی- داهاتووی بانکی دیجیتاڵیی لە عێراق- زیرەکیی دەستکرد و رۆبۆتیک - ژنان و هەڵبژاردنی کار لە بواری تەکنەلۆژیا و بەدەستخستنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە رێگەی تەکنەلۆژیا).
 
پێشانگەکە تاوەکو رۆژی 19ی حوزەیران بەردەوامدەبێت. تێیدا تیشکدەخرێتە سەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە کەرتە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە دیجیتاڵکردنی حکومەت، هەروەها پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری بازرگانانەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە.
 
لە چوارچێوەی پێشانگاکەدا، بڕیارە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا و بازرگانییەکانی تایبەت بە بواری تەکنەلۆژیا و بوارە پەیوەندیدارەکانی دیکە، نوێنەری وڵاتان و خاوەن پڕۆژەکانی دەستپێشخەری کار و پڕۆژە بچووکەکان ئامادەدەبن.