بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی: هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوە و رێککەوتنی لایەنەکان بە "دڵخۆشکەر" ناودەبات و دەڵیت، "سوپاسی کاک مەسعود دەکەم کە بۆ دۆخی تەندروستیم چەند جارێک هەواڵی پرسیوم"؛ دەشڵێت کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران رێککەوتوون مووچە کاری لەپێشینەی کارەکانی حکومەت بێت.
 
رۆژی سێشەممە 16-05-2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە سلێمانی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، رایگەیاند؛ "هێشتا هەندێک کێشە هەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردن؛ هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام وردەکاری پێویستە." 
 
بافڵ تاڵەبانی گوتی، "پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتەکەی کاک مەسرور بڕیارێکی زۆر ئازایانەیان دا، وەک دەزانن قەیرانی ئابووری لە هەموو دنیا هەیە، بەڵام ئەم حکومەتە توانی گوێ لە هەموو لایەک بگرێت و زۆر بە ئازایانە توانی بڕیارێکی جیاوازتر بدات و بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات تاوەکو خزمەتی کوردستان بکات." 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئێستا مووچە بووە بە ئەولەویەت و پرۆژەکان بە دادپەروەری جێبەجێ دەکرێن؛ ئەوانە دوو هەنگاوی زۆر باش بوون و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشێک بوون لەم بڕیارە؛ بۆ ئەمەش زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنەکان، جگە لە چەند کەسێک، لەگەڵ حیزبەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن هاوکارمان بوون؛ سوپاسێکی گەورەی جەنابی کاک مەسرور و کاک قوباد دەکەم کە توانیان زۆر ئازایانە ئەم بڕیارە بدەن." 
 
لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: "دەستپێشخەرییەکی باشە؛ زۆر دڵمان خۆشە بەمە و بەڕاستیش جەنابی کاک مەسعود، کاک مەسعودە و خەڵک هەر چاوەڕێی ئەوەی لێدەکات. سوپاسیشی دەکەم کە جەنابی چەند جارێک هەواڵی منی پرسی کە زانی یەک دوو نەشتەرگەری بچووکم بۆکراوە و زۆر سوپاسی جەنابیان دەکەم." 
 
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "من حەزم لە وشەی ناکۆکی و کێشە نییە" و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "ئێمە دەبێت لەبیرمان بێت کە ئەم حکومەتە چەند حیزبێکی تێدایە و هەموومان دەمانەوێ خزمەتی کوردستان بکەین، بەڵام رەنگە بۆچوونی من هەندێک لە بۆچوونی کاک عومەر و کاک مەسرور جیاواز بێت. کاری ئێمە ئەوەیە کە بەیەکەوە دابنیشین و نزیکتر بکەوینەوە؛ بەرنامەی هەموومان ئەوەیە کە کوردستان دۆخی لە ئەمڕۆ باشتر بێت." 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتیکردەوە کە "ئەگەر زیاتر لەیەک بێینە پێشەوە، دەتوانین لە زۆر شوێن تەواوکەری یەکتر بین. لە بەغدا دەتوانین بەیەکەوە کار بکەین و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر دەتوانین یەک پەیاممان هەبێت. کاری ئێمە ئەوەیە، بەڵام ئێمە رێز لە هەموو لایەک دەگرین و پێویستە بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنیش وەربگرین؛ بۆچوونی مامۆستا عەلی باپیر، مامۆستا سەلاحەدین و هەموویان، بەیەکەوە دەتوانین ئەم دۆخە ناخۆشە کە لە هەموو دنیادا هەیە، باشتر بکەین." 
 
لەبارەی گەرانەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "پێش ئەوەی تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، پەیوەندیمان هەبوو؛ جەنابی کاک مەسرور چەند شتێکی زۆر باشی هەبوو کە دەیویست لەگەڵمان گفتوگۆی لەسەر بکات و دانیشتنەکەشی لەگەڵ کاک قوباد زۆر باش بوو و من زۆر دڵم بەو دانیشتنە خۆش بوو؛ رەنگە بۆچوونی جیاواز هەبێت لەسەر چەند بابەتێکی دیکە، بەڵام ئەمڕۆ زۆر لە دوێنێ گەشبینترم کە هەموو لایەنەکان بتوانین بەیەکەوە بەرەوپێش بڕۆین." 
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی گوتی، "وەکو ئاگادارکراومەتەوە، کۆبوونەوەکە زۆر زۆر باش بووە و وابزانم سەردانی حیزبەکانی دیکەش دەکەن و پشت بەخوا پرۆژەکان جێبەجیدەکرێن." 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە کە "ئێمە بۆچوونی جیاوازمان لەسەر زۆر بابەت هەیە، بەڵام ئەو رێککەوتنەی کراوە کە مووچە ئەولەویەت بێت و هەموو کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێت، ئەوە هەنگاوێکی زۆر باشە و دەتوانین هەنگاوی دوای ئەوەش بنێین." 
 
بافڵ تاڵەبانی نزیکبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بە کاریگەری و گوشاری هیچ لایەنێکی عێراقی و نێودەوڵەتی نازانێت و دەڵیت، "راستە رەفیقەکانمان لە بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتە دوورەکان هاوکار بوون، بەڵام ئێمە بڕیارماندا و خۆمان بەرنامەکەمان دانا و بەیەکەوەش توانیمان هەنگاوەکان بنێین. لەگەڵ ئەوەش سوپاسی هەموو لایەک دەکەین کە هاوکارمان بوون." 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەو نەشتەرگەرییانەدا کە لە چەند رۆژی رابردوو بۆی ئەنجامدراوە و گوتی؛ "تەندروستیم زۆر باشە؛ پێکتۆرۆڵێکی دەستم چوار ساڵ بوو پسابوو و پشتگوێم خستبوو، دوو جار نەشتەرگەریم بۆ کرد و سەرکەوتوو نەبوو، بایسێپی دەستی چەپیشم چەندین ساڵە کێشەی هەیە و دکتۆر گوتبووی کە هەر رۆژێک ئەگەری پسانی هەیە، لەم رۆژانە مێزێکم هەڵگرت بۆ ئەوەی بیگوازمەوە و پسا. بە دەرفەتم زانی و هەردوو نەشتەرگەرییەکەم بەیەکەوە کرد؛ شەش مانگی دیکە تەندروستیم ئاسایی دەبێتەوە."