لە دهۆک کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک کارا کرا
رووداو دیجیتاڵ
کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک لە پارێزگای دهۆک چالاککرا و جێگری بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگاکەش دەڵێت، لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو کارتە ئەلیکترۆنییە جێگەی پسوولەی خۆراک دەگرێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە سەرجەم کاروبارەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبەرایەتییەکە رایی بکەن.
رۆژی سێشەممە، 16-05-2023 دیندار رەمەزان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای دهۆک لە بووڵتەنی نیڤرۆژ بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 08:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە پرۆسەی چالاککردنی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک لە دهۆک دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک، پێویستە سەرۆک خێزانەکان سەردانی بنکەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن بۆ ئەوەی کارتیان پێبدرێت و وەکو دیندار رەمەزان ئاماژەی پێدەدات، کارتە ئەلیکترۆنییەکە لە رێگەی مۆبایلەوە کارا دەکرێت و ئەگەر سەرۆک خێزانێک نەیتوانی بە هەر هۆکارێک بۆ کاراکردنی کارتەیە سەردانیان بکات، هاوژینەکەی یان کوڕی گەورەی دەتوانن ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی زانیاری لەگەڵ خۆیان ببەن و مامەڵەکان تەواو بکەن.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای دهۆک داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتن و کاراکردنی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک و دەشڵێت، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا سەرجەم کارەکانمان بەو کارتە رایی دەکەین.
کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک لەمەودوا جێگەی پسوولەی خۆراک دەگرێتەوە و بە گوتەی دیندار رەمەزان، ئەو کارتە بارکۆدێکی لەسەرە و هاووڵاتی دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە مامەڵەکانی زیادبوونی ئەندامی خێزان یان مامەڵەکردنی هاوسەرگیری یان گواستنەوەی بنکەی خۆراک هەر لە ماڵەوە و لە رێگەی مۆبایلەکەی بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای دهۆک 1 قوتابخانەی لەنێو گەڕەکەکانی دهۆک دەستنیشان کردووە و لەو قوتابخانانە مامەڵەی کاراکردنی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ هاووڵاتیان دەکات، هاووڵاتییان دەتوانن لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە بۆ 15:00ـی ئێوارە سەردانیان بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن.